ئەو 5 ملیار دۆلارە كە قەرز دەكرێ دەكاتە 20% داهاتی ناوخۆ

 
سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە حكومەتی هەرێم بڕی 5 ملیار دۆلاری خەرجكردوە و قەرزە لەسەری. 
عیزەت سابیر، سەرۆكی لیژنەی دارایی  ئابوری لەكۆبونەوەكەی پەرلەمان وتی، حكومەتی هەرێم كوردستان بەبێ گەرانەوە بۆ پەرلەمان پارەی لە كۆمپانیاكان و بانكەكان و بەشێكیش لەپارەی دانراوی هاوڵاتیان لەبانكەكان خەرجكردوە و بڕەكەی دەگاتە 5 ملیار دۆلار، هەروەها حكومەتی هەرێم گرێبەستی كڕینی گازوایلی كردوە بە قەرز بەهەمان شێوە بەبێ گەرانەوە بۆ پەرلەمان.
وتیشی، لە ساڵانی ڕابردوو ئەو قەرزەی حكومەتی عێراق كردویەتی ئێمەش بەشداربوین لەوەرگرتن و دانەوەی قەرزەكە تاوەكو ساڵی 2014.
ئەوەشی خستەڕوو، داهاتی ناوخۆی هەرێم لەساڵی 2013 بریتی بوە لە 13 ملیار دۆلار داهاتی حكومەت و 12 ملیار داهاتی كەرتی تایبەت، بۆیە ئەگەر داهاتی ناوخۆ 25 ملیار دۆلار بێت ئەوان ئەو 5 ملیار دۆلارە كە قەرز دەكرێ دەكاتە 20% داهاتی ناوخۆ.