ھەولێر.. پێشانگای ھەلی کار کرایەوە

 
 
بە بەشداری وەزیری پلاندانان و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەراسیمێک لە ھۆتێل رۆتانا لە شاری ھەولێر پێشانگای هەلی کار کرایەوە.
ئەم پێشانگایە لە لایەن کۆمپانیای ئەربیل مانپاوەر (EMP) بە ھاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی USAID لە ھەولێر بۆ دۆزینەوەی ھەلی کار کرایەوە.
لە پێشانگاکەدا ٢٦ کۆمپانیا بەشداریان کردووە و ٣٧٠٠ کەسیش وەکو کارخواز ناویان بۆ بەشداری کردن لەو پێشانگایەدا تۆمار کردووە، ئامانجی‌ پێشەنگاکەش دۆزینەوەی ھەلی کارە بۆ بێکاران و دەستەبەرکردن و دۆزینەوەی کارمەند و فەرمانبەرە بۆ کۆمپانیا و دەزگاکان.
لە مەراسیمی کردنەوەی پێشانگاکە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی محەممەد ھاودیانی سوپاسی  سپونسەرانی پێشانگاکەکرد و بۆ ئامادەبوان گوتی: “ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە قوناغێکی ھەستیاردایەوە پێویستە ھەموو لایەک بەگیانی بەرپرسیاریەتی تواناکانی بخاتە گەڕ ھەروەھا پاڵپشتی لە ھێزی پێشمەرگە بکەن کە  بەرگری خاکی کوردستان دەکات.”
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: “ئەم پێشانگایە خزمەتێکی دیکەیە بۆ دۆزینەوەی ھەلی کار بۆ گەنجانی وڵات و ھەروەھا یەکێکە لە رێگاکانی رەوتی کار لە ھەرێم، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژماریەکی زۆری پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان ھەیە ئەویش شانازییە بۆ ئێمە بەھۆی ئاشتی و سەقامگیری ئەم ناوچەیە بووەتە لانەی حەوانەوە بۆ ھەمووان. ھەروەھا لەو قەیرانە و شەڕی داعش چەندین کۆمپانیا ھەرێمی کوردستانیان بەجێ ھێشت و کرێکارێکی زۆر کاریان لە دەست دا بەڵام بە ھەماھەنگی لە گەڵ یەکتری دەتوانین رووبەڕووی ئەو قەیرانانە ببینەوە”.
محەممەد ھاودیانی باسی لە کارەکانی وەزارەتی کار کرد و گوتی: “ساڵی رابردوو شەش ھەزار و ٦٥٢ کەس ناویان لە وەزارەت تۆمار کرا بۆ دۆزینەوەی کار خۆشبەختانە توانیمان نزیکە پێنج ھەزار ٥٥٨ ھەڵی کار برەخسێنین و ئەمەش جێ دڵخوشیە، ئێمە دەتوانین ئەو قوناغەش تێپەربکەین”.
وەزیری پلاندانان عەلی سندی کە بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە مەراسیمەکەدا کرد، کۆڕی ئەمساڵى كاری بە جیاواز ناو برد و سوپاسی پێشمەرگەی کوردستانی کرد کە ھەرێم بە پشتیوانی ئەوان ئەو قوناغە سەختە تێپەر دەکات و گوتی: “بۆ بازاڕەکانی ھەرێم  لە سەر ئاستی جیھان دەبێت چەند پرسێک لەبەرچاو بگیرێت ئەویش یەکخستنی بازاڕی کارە کە لە ھەرێم بازاڕەکان لە قۆناغی سەرەتایی دان و جۆرە نابەرانبەریەک ھەیە لە نێوان ھەلی کار و توانای ئەو کەسانەی بە دوای کاردا دەگەرێن، ھەروەھا بابەتی ئاوارەکانی شەڕی سووریا و عێراق ئەوەیش بووەتە خاڵێکی گرنگ کە دەبێت لەبەرچاو بگرێت کە چۆن ھەلی کار برەخسێنرێت”.
وەزیری پلاندانان لە درێژی قسەکانیدا گوتی: “لە کەرتی تایبەت و حکوومی  ھەرێمى كوردستان لە ماوەی ١٠ ساڵی داھاتوودا ھەلی کار زیاتر دەبێت لە ئێستا تا ساڵی ٢٠٢٠ ژێرخانی ئابووری ھەرێم  پێویستی بە زیاتر لە ٣٢ ملیار دۆلار هەیە،کە ئەوەیش ھەر لە خۆیدا ساڵانە نزیکەی٧٠ بۆ ٨٠ ھەزار ھەلی کار لە سێکتەرە جیاجیاکان دەدوزێتەوە”.
 
 
 
 
س: ئەنادۆڵ