زیاتر لە 4 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە عێراقدا هەیە

پسپۆڕێكی عێراقی شارەزا لە بواری گواستنەوەو گەیاندن ئاشكرای دەكات ،  زیاتر لە چوار ملیۆن ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەكانیەوە لە عێراق هەیە و دەشڵێت ” ساڵانە بە رێژەی سەدا 17 ژمارەی ئۆتۆمبێل لە عێراق زیاد دەكات.

غانم ئەحمەد، پسپۆڕی گواستنەوەو گەیاندن رایگەیاند: “دوای بینینی راپۆرتەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان وەك دەروازە سنوورییەكان ، تاوەكو نیسانی رابردوو دەركەوتووە چوار ملیۆن ‌و 515 هەزارو 41 ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەكانییەوە لە عێراق بوونیان هەیە”. گوتیشی “بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی 2014 و 2013 و 2012 دەردەكەوێت بەئاستی سەدا 17.3 بەرزبوونەوەی ساڵانەی بەخۆیەوە بینیوەو هەر كیلۆمەترێكیش قیركراوی وڵات 52 ئۆتۆمبێلی بەردەكەوێت”.

ئەو شارەزا عێراقیە وتیشی “بەغدای پایتەختی عێراق بە پلە یەكەمی زۆرترین ژمارەی ئۆتۆمبێل دێت بەئاستی سەدا 38 كۆی گشتی ئۆتۆمبێلەكانی عێراقی لەخۆگرتووە و بارگرانییەكی زۆریشی بۆ دەوڵەت‌و حكومەتە خۆجێیی‌و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان دروستكردووە”.

بەپێی ئامارە فەرمییەكانی دەستەی ئاماری ناوەندی عێراق تاوەكو 31ی كانوونی یەكەمی 2013 ژمارەی سەرجەم ئۆتۆمبێلە تایبەتییەكانی عێراق لەنێویان ژمارەی كاتی‌و ژمارەی هەمیشەیی گەیشتووەتە چوار ملیۆن ‌و 515 هەزارو 41 ئۆتۆمبێل.

راپۆرتەكەی دەستەی ئامار ئەوەشی باسكردووە هەر 1000 كەس 129 ئۆتۆمبێلی بەردەكەوێت، بە یەك كلیۆمەتری قیركراو 52 ئۆتۆمبێل یەكسان كراون.

ئەو ئامارانەی دەستەی ئاماری ناوەندی عێراق ئەوەشی باسكردووە ، كە زۆرترین پارێزگا ژمارەی كاتیی لە 2013 بەخۆیەوە بینیوە پارێزگای ئەنبار بووە بە 2643 ئۆتۆمبێل ‌و نزمترین شاریش كەركووك بووە بە 7 ئۆتۆمبێل.