نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی

پاش بڵاوبوونەوی ئامارەكان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەكردنی نەوتی عێراق و هەروەها بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

پاش ئەوەی هەفتەی رابردوو نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ساڵی 2015 دا، بەڵام ئەم هەفتەیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەكانی هەناردەكاری نەوتی عێراق دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

نرخی نەوتی برێنت بەرامبەر بە مانگی رابردوو 32 سەنت دابەزی و بەرمیلێك بە 66 دۆلارو 46 سەنت جێگیربوو. نرخی نەوتی تێكساسی ئەمریكاش لە هەر بەرمیلێكدا 48 سەنت دابەزی و نرخی هەر بەرمیلێكی لە 59 دۆلار و 15 سەنتدا جێگیركرا.

ئاستی هەناردەكاری نەوتی عێراق لە مانگی نیساندا بەرزبووەوە بۆ سەرووی 3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەوەش نیگەرانی لای وەبەرهێنەران دروستكرد چونكە ئەو رێژەی هەناردەكردنە بوەهۆی زۆربونی زیادەی نەوت لە بازاڕدا و بەوهۆیەشەوە نرخەكەی دابەزی.