زمانی کوردی دەچێتە سەر دراوی عێراقی

بانکی ناوەندی عێراق بڕیاڕیداوە دراوێکی نوێ چاپبکات و لەگەڵ زمانی عەرەبی، زمانی کوردیش بخاتە سەرچاپی دراوەکە، هەروەها بڕیاری لابردنی سفرەکانی سەر دراویش ئەمساڵ جێبەجێ ناکرێت.
ئەحمەدی حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند:” لەدوا کۆبوو‌نەوەی نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و پسپۆرانی بواری ئابووری و دراو، پارێزگاری بانکی ناوەندی پێی راگەیاندوون، هەموو رێکارە یاسایی و ئابوورییەکان تەواوکراون بەمەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی چاپکردنی دووجۆری نوێی دراوی عێراقی، کە بریتین لە پەنجا هەزاری و سەد هەزاری”.
هەروەها ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ رووداو ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەحمەد ئەلبرێهی، شارەزای بواری دراو لە بانکی ناوەندی عێراق ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە، لەسەر چۆنییەتی دراوە نوێیەکە باسی ئەوەی کردووە کە دراوە نوێیەکە بە ئامێرێکی پێشکەوتوو چاپدەکرێت و کوالێتییەکی بەرزی چاپی هەیە، 36 نمرەی لەسەرە بەمەبەستی رێگەگرتن لە ساختەکردنی دراوەکە.
ئەحمەدی حاجی رەشید ئەوەشی راگەیاند:” بانکی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوە داوە ئەمسال بڕیاڕی لابردنی سفرەکانی سەر دراو ئەستەمە جێبەجێبکرێت، لەبەرئەوەی سەرقاڵی چاپکرنی ئەم جۆری دراوە نوێیەن، لەگەڵ ئەوەش بانکی ناوەندی ئەمساڵ تەنها دەتوانێت لە قۆناغی یەکەم چاپی پەنجا هەزارییەکە بخاتە بازاڕەوە”.
لە دەستووری عێراق بە فەرمی زمانی کوردی وەک زمانی دووەم ناسێندراوە، لەگەڵ زمانی عەرەبی زمانی کوردی دەبێ بنووسرێ و لە هەنگاوی پێشووتریش، لەتەک زمانی عەرەبی زمانی کوردی خرایە سەر پاسپۆرت.
 
ز.ر