دەنگۆی گرانبوونی كارتی مۆبایل رەتدەكرێتەوە

دەنگۆی گران بوونی كارتی مۆبایلی تۆڕەكانی پەیوەندی كردن رەتدەكرێتەوە و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیش داوا لە هاوڵاتیان دەكات لەكاتی كڕینی ئەو كارتانە دا بە نرخی زیاتر لەخۆی ئاگادارییان بكەنەوە.
 
سۆران عەبدولغەفور سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند “چەند رۆژێكە دەنگۆی گران بوونی كارتی پڕكردنەوەی باڵانسی مۆبایل بڵاوبووەتەوە و پاش بەدواداچونیان بۆیان دەركەوتووە بەهیچ شێوەیەك لە كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردنەوە نرخ زیاد نەكراوە و ئەوەی لەم بارەیەوە دەوترێت دەنگۆیەكی ناراستە.
 
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات “پێ دەچێت هەندێك لە مامەڵەكارانی كارتی مۆبایل نرخی باڵانسیان گران كردبێت كە ئەمەش بەهیچ شێوەیەك رێگەی پێنادرێت.
 

سۆران عەبدولغەفور ووتیشی ” لیژنەكانیان بەووردی بەدواداچونیان لەسەر دەنگۆی گران بوونی نرخی باڵانسی تۆڕەكانی پەیوەندكردن دەستپێكردووە و هەر كەسێك كارتی بالانس بەگران بفرۆشێت مامەڵەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان داوا لە هاوڵاتیان دەكات لەكاتی بەگران فرۆشتنی كارتی باڵانسدا لە رێگەی ئەم ژمارانەوە (07701450755-07705487171-07704885252 یان ژمارە 100) ئاگاداریان بكەنەوە بۆ ئەوەی دەست بەجێ بەدواداچونی بۆ بكرێت .