ژوورى بازرگانى سلێمانى بانگهێشتى بولگاریا کرا

قونسولى بولگاریا لە هەرێمى کوردستان سەردانى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانیکردو بانگهێشت نامەى گەیاندە سەرۆکى ژوورى بازرگانى بۆ دروستکردنى پەیوەندى بازرگانى بەهێز.
ڕۆژى دووشەممە 9/3/2015 سیروان محەمەد سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى پێشوازیکرد لە قونسوڵى بولگاریا لە هەرێمى کوردستان.
قونسوڵى بولگاریا ڕایگەیاند دەمانەوێت پەیوەندیە بازرگانیەکانمان لە گەڵ شارى سلێمانى پتەو بکەین و شاندێکى بازرگانى گەورە بە سەرۆکایەتى ژوورى بازرگانى بێنە شارى سۆفیاى پایتەخى بولگاریا بەمەبەستى بینینى کارگە گەورەکان و دروستکردنى کار لە نێوان کوردستان و بولگاریا تا ئێمە بتوانین لە کوردستاندا کارگە دابنێین و کاربکەین.
لاى خۆشیەوە سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى میوانداریەکەى بولگاریاى بە گەورە وەسفکردوو ڕایگەیاند هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دروستکردن شاندێکى گەورەى بازرگانى بۆ سەردانکردنى بولگاریا تا لە نزیکەوە ئاگادارى کارى وەبەرهێنان و بازرگانى بین لەو ووڵاتەدا.
سیروان محەمەد ئاماژەى بەوەشدا شارى سلێمانى لەسەر ئاستى عێراقدا یەکەمە لە پیشەسازیدا و بەردەوام توانیویەتى پێداویستیەکانى ناو خۆ و بەشێکى عێراق دابینبکات لە پێداویستى بیناسازى و خۆراکیدا.