رێژەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بەرزبۆتەوە

 
کۆمپانیای سۆمۆ رایدەگەیەنێت رێژەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بەرزبۆتەوە.
 
لەوبارەیەوە فەلاح عامری بەڕێوەبەری کۆمپانیای (سۆمۆ)، جەختیکردۆتەوە کە، رێژەی ئەو بڕە نەوتەی لە کەرکوک و ھەرێمی کوردستانەوە بەدەستیان دەگات زیادیکردووەو چاوەڕوانیش دەکرێت تا مانگی ئازاری داھاتوو، رێژەکە بگاتە ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
 فەلاح عامری راشیگەیاندووە: رەوانەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەدەچێت و بەپێی ئەو پلان و رێککەوتنانەیە کە ھەردوولا لەسەری رێککەوتوون.
 
ناوبراو ئاشکرایکرد، نرخی فرۆشتنی نەوتی عیراقیش زیادیکردووەو لە چەند رۆژی رابردوودا ھەر بەرمیلێک نەوتی خاو بە ٤٥ بۆ ٤٦ دۆلار فرۆشراوەو ھەروەھا لە مانگی کانوونی دووەمی رابردووشدا نزیکەی ٧٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەناردەکراوی عێراق فرۆشراوەو داھاتەکەشی سێ ملیارو ٥٨ ملیۆن دۆلار بووە.