لەسلێمانی دەست بەسە ترشیاتى خراپ بوو دەگیرێت

 
زیاتر لە 10 تۆن کەرەستەى ترشیاتى خراپ بوو لەلایەن لیژنەهاوبەشەکانى قائیمقامیەتى سلێمانیەوە دەستى بەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکەشى رووبەڕووى سزاى یاسایى دەکرێتەوە.
لە کۆگایەکدا لە ناوچەى پیشەسازى شارى سلێمانى لیژنەى کۆگا ئەهلى و حکومییەکانى سەربە لیژنەهاوبەشەکانى قائیمقامیەتى سلێمانى دەستیان گرت بەسەر 10 تۆن و 500 کیلۆگرام کەرەستەى ترشیاتى خراپبوودا کە هیچ مەرجێکى تەندروستى تێدا نیە.
 
لەو باریەوە هاوڕێ محەمەد سەرۆکى لیژنەى کۆگا ئەهلى و حکومییەکانى سەربە لیژنەهاوبەشەکان رایگەیاند لە میانەى بەدواداچونەکانیاندا بۆ بونى خواردن و مەوادى بەسەرچوو زیان بەخش لە یەکێک لە کۆگاکانى ناوچەى پیشەسازى یەک دەستیان گرت بەسەر بڕێکى زۆر کەرەستەى ترشیاتدا کە هەمووى کەڕووى کردووە و ئامادە کرابوو بۆ بەکار هێنانى.
 
سەرۆکى لیژنەکە ئاماژەى بۆ ئەوەشکردپاش ئەنجامدانى پشکنینى تاقیگەیى دەرکەوت کەرەستەکان کە پێکهاتبوون لە ( ترۆزى و خەیارى سوێر کراو)  گونجاو نیە بۆ خواردن و لە ئەگەرى بەکارهێنانیدا زیانى زۆر بە تەندروستى مرۆڤ دەگەیەنێت.
 
سەرۆکى لیژنەى کۆگا ئەهلى و حکومییەکانى سەربە لیژنەهاوبەشەکانى قائیمقامیەتى سلێمانى راشیگەیاند بڕى کەرەستەى ترشیاتەکە 10 تۆن و 500 کیلۆگرامە و لەسەر فەرمانى قائیمقامى سلێمانى هەموو کەرەستە خراپ بووەکان لە ناوچەى تانجەرۆى شارى سلێمانى لە ناوبراو لە بەرامبەر سەرپێچیەکەشیدا خاوەنەکەى رووبەڕووى سزاى یاسایى دەکرێتەوە .