داهاتی زیادبوونی نرخی نەوت بۆ چی خەرج دەكرێت؟

 
 
ڕاوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت: ئەو داهاتەی لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەست عیراق دەكەوێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكان خەرج دەكرێت. جەختیش لە زیادكردنی مووچەی فەرمانەبەران دەكاتەوە بۆ باشكردنی بارودۆخی گوزەرانی هاوڵاتیان.



مەزهەر محەمەد ساڵح ؛ڕاوێژكاری ئابووری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق؛ بە (وەرەدنا)ی ڕاگەیاندووە: “ئەو داهاتە زیادەیەی عیراق لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا دەستی دەكەوێت، بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە خەرج دەكرێت، كە تا ئێستا وەستێنراون”.



ڕاشیگەیاندووە: “لە بودجەی 2015ی عیراق بڕگەیەك دانراوە، كە بە پێی ئەو بڕگەیە ئەو داهاتە زیادەیە بۆ خستنەوە كاری پڕۆژەكان خەرج دەكرێت، چونكە لە ئێستادا زۆرێك لە پڕۆژەكان بەهۆی كوردتهێنانی بودجە و قەیرانی داراییەوە وەستێنراون”.



جەختیشی كردەوە: “زیادكردنی مووچە و دەرماڵەكان بۆ فەرمانبەران دەبێتە هۆی باشكردنی بارودۆخی ئابووری هاوڵاتیان”.



هەرچەندە لە ساڵی ڕابردوودا نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بازاڕەكانی جیهان گەیشتە زیاتر لە 110 دۆلار، بەڵام لە كۆتایی ساڵی ڕابردووەوە نرخی نەوت بۆ كەمتر لە 50 دۆلار دابەزی و لە سەرەتای هەفتەی ڕابردووشەوە ئەو نرخە گۆڕانكاری بەسەردا هات و بۆ سەروو 58 دۆلار بەرزبووەوە، هەرچەند بودجەی عیراق لە سەر بڕی 56 دۆلار بۆ یەك بەرمیل نەوت خەمڵێنراوە.