بانکی ناوەندیی ئەوروپا چیدیکە قەرز ناداتە یۆنان

 
بانكی ناوەندیی ئەوروپا (ECB) هەلومەرجەكانی لەسەر یۆنان تووندكرد و چیدیكە قەرز ناداتە بانكەكانی ئەو وڵاتە.



لە بەیاننامەیەكدا بانكی ناوەندیی ئەوروپا رایگەیاندووە، كە ئەو بانكە چیدیكە بانكەكانی یۆنان بە گونجاو نازانێت بۆ ئەوەی قەرزی بانكی بداتە ئەو بانكانە.



بانكی ناوەندیی ئەوروپا لە بەیاننامەكەیدا رایگەیاندووە، كە ئەو بانكە پلانی رزگاركردنی ئابووری یۆنان، كە قەبارەكەی 179 ملیار دۆلارە، چیدیكە بە سەركەوتوو نابینێت.



حكومەتی نوێی یۆنان سەرقاڵی گوتوبێژە لەگەڵ قەرزدەرە نێودەوڵەتییەكانی بۆ ئەوەی هەلومەرجەكانی گەڕاندنەوەی قەرزەكان هەموار بكەنەوە.



وەزیری دارایی یۆنان رایگەیاندووە، كە هەڵویستی بانكی ناوەندیی ئەوروپا، كە لە 11ـی مانگی داهاتووەوە كاری پێدەكرێت، كاریگەری ناكاتە سەر رەوشی پیشەسازی و دارایی ئەو وڵاتە.