نیوەی سامانی جیهان لەدەستی 85 كەسدایە

رێكخراوێكی جیهانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی هەژاری  ئاشكرایكردووە، كە نیوەی سامانی دنیا لای تەنها (85) كەسە، لە كاتێكدا چەند ملیۆن لە خەڵكی جیهان رۆژانە تەنها یەك ژەم خواردنیان دەستناكەوێت.
وینی بیانیما، سەرۆكی جێبەجێكاری رێكخراوی (ئۆكسفام) بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، بە كەناڵی (CNN)ی راگەیاند: بە پیچی بەڵگە داراییەكانی جیهان، سامانی ساڵی پار (2013)ی سەرزەوی بە رێژەی (5%) زیادیكردووە و گەشتۆتە (241) ترلیۆن دۆلار، بەڵام (110) ترلیۆن لەو سامانە، بە دەستی تەنها (1%)ی دەوڵەمەندەكانی جیهانەوەیە.
بیانیما ئەوەشی راگەیاند: ئەگەر بە شێوەیەكی تر بیڵێین، ئەوا (120) ترلیۆن دۆلار بە دەستی تەنها (85) كەسەوەیە لە سەرتاسەری جیهان.
لە لایەكی دیكەوە، دامەزراوەی (فۆربێس) بۆ پۆلێنی دەوڵەمەندەكانی جیهان لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا رایگەیاندووە: لە ساڵی (2013)دا (268) كەسی دیكە لە جیهاندا چوونەتە ریزی ملیاردێرەكانەوە، بەوەش ژمارەی ملیاردێرەكانی جیهان لە ساڵی پاردا گەشتۆتە (1645) كەس، كە لە نێویاندا (42) ژن هەن، لە نێو ئەوانیشدا كریستی ویڵتۆن بە سامانی (36.9) ملیار دۆلار، بە دەوڵەمەندترین ژن لە جیهاندا دادەنرێت.
سەرۆكی جێبەجێكاری رێكخراوی (ئۆكسفام)، وتیشی: كۆبوونەوەی ئەو سامانە زۆرە لە دەستی چەند كەسانێكی كەم، هاوكاتە لەگەڵ زیاتر بڵاوبوونەوەی هەژاری لە جیهاندا، بە شێوەیەك هەزارەها خێزان لە چەند وڵاتێكی دنیادا رۆژانە تەنها ژەمێك خوادنیان دەستناكەوێت و منداڵەكەكانیان لە برسا گیان دەسپێرن.