نرخی نەوت دەگاتە نزمترین ئاست

جارێکی دیکە نرخی نەوتی خاو لەبازارەکانی جیھان دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاست لەماوەی ٥ ساڵ و نیوی رابردوودا.
بەھۆی زۆری خستنەرووی نەوتی خاو لە بازارەکانی جیھان و بریارێکی عەرەبستانی سعودییە بەکەمکردنەوەی نرخی ئەو نەوتە خاوەی بەکڕیارە ئەوروپییەکان دەیفرۆشێت، نرخی نەوتی خاو لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا بەرێژەی ٥% دابەزی و لەو چوارچێوەیەشدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنتی پەیوانەیی ئەوروپی ٣ دۆلارو ٦٢ سەنت دابەزی و گەیشتە ٥١ دۆلارو ٨٥ سەنت، ھەروەھا نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی ئەمریکا بۆ ٤٨ دۆلارو ٤٧ سەنت دابەزی کە ئەمەش نزمرترین ئاستە نرخی نەوت تۆماری کردبێت لە دوای مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٠٩.  

شارەزایانی کەرتی نەوت پێیان وایە سووربوونی عەرەبستانی سعودییە لەسەر کەمنەکردنەوەی ئاستی بەرھەمی رۆژانەو زیادبوونی نەوتی عەمبارکراو لەو وڵاتانی ھاوردەکەرو گرفتەکانی ئابووری یۆنان و ناوچەی یۆرۆ، ھۆکاری دیکەن بۆ زیاتر دابەزینی نرخی نەوت لە ماوەی چەند رۆژی داھاتوودا.