“گرانكردنی نرخی ناوی بیانی بۆ ئەوەیە ناوە بازرگانییەكان كوردی بن “

بەپێی سیستمی ناوخۆی ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەكانی كوردستان، نرخی رسومات بۆ ناوی بیانی، زۆر گرانترە لەنرخی رسوماتی ناوی كوردی‌و عەرەبی.   
مەرجەكانی ناونانی كۆمپانیاكان
خاوەر زەكی هەناری بەڕێوەبەری گشتیی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی بە سایتی ژوری راگەیاند، بەپێی سیستمی ناوخۆی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بۆ ناونانی كۆمپانیای بازرگانی كار دەكەین، ناونانی شوێنە بازرگانییەكان لەپێش راپەڕینە‌وە، دەبوایە ناوی كوردی‌و عەرەبی ببوایە‌و لەچوارچێوەی عیراقدا دەرنەچوایە، بەڵام ئێستا بەبڕیارێكی یەكێتیی ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەكانی كوردستان، دەتوانرێت ناوی بیانیش بەكار بهێنرێت.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێوەبەری گشتیی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی روونیكردەوە، ناو تایبەتمەندی خۆی هەیە‌و دەبێت ماناكەی لەگەڵ كارەكەیدا بگونجێت، نابێت ناوی «ئیسمی عەلەم» بێت، یان ناوەكە جۆرێك لەناوزڕاندنی تیابێت، ئەمە جگە لەوەی رێگە نادرێت ناوی دووبارە بەكاربهێنرێت، لەبەر ئەوەی ناو زۆر كەمە‌و هەر كەسێك دێت لیستێكی پێیە‌و بەپێی یاساش ناو نابێ دووبارە بێتەوە.
نرخی رسوماتی ناوی بیانی
سەبارەت بەو پرسیارەی كە بۆچی نرخی ناوی بیانی زیاترە بەراورد بەناوی كوردی‌و عەرەبی، خاوەر زەكی هەناری وتی: «ناوی بیانی رسوماتی زیاترە لەناوەكانی كوردی‌و عەرەبی، نرخی ناوی بیانی 200 هەزار دینارە‌و ناوی كوردی‌و عەرەبیش 60 هەزار دینارە. جگە لەڕسوماتەكانی تر كە خاوەن كۆمپانیاكان دەیدەن، بۆیە ئەو نرخەشمان داناوە كە ناوی بیانی كەمتر بەكاربهێنرێت، بەڵام خەڵكەكە خۆیان حەز دەكەن ناوی بیانی بەكاربهێنن».
لەدرێژەی قسەكانیدا ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە دەڵێت: «ناونان‌و رێگریكردن لەناوی بیانی دەبێت بەیاسا رێكبخرێت، ئێمە بەزۆر بەكەس ناڵێین چ جۆرە ناوێك بەكاربهێنن ئەگەر بەمن بێت تەنیا ناوی كوردی بەكاربهێنن، ئەو هەموو ناوە جوانەمان هەیە بۆ ناوی بیانی بەكاردێنن».