وەزیری دارایی عێراق دەتوانێت بڕیاری ناردنی بودجەی ھەرێم بدات

بەپێی یاسا ناردنی بودجە بۆ ھەریمی کوردستان، پەیوەندی بەوەزیری داراییەوە ھەیەو دەتوانێت پێش پەسەند کردنی پرۆژە یاسای بودجە، بودجە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت.
لەوبارەیەوە “عەبدولقادر محەمەد” ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،  ڕایگەیاند: بەپێی یاسا ئەگەر پەسەند کردنی بودجە لە ھەر ساڵێکدا لە ٣١/١٢ تێپەڕی، وەزیری دارایی بۆی ھەیە بڕی ١ لەسەر ١٢ی بودجەی ساڵی پێشتر خەرج بکات و بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام لەبەرئەوەی بودجەی ساڵی ٢٠١٤ش پەسەند نەکراوە ئەوا وەزیری دارایی دەگەرێتەوە بۆ بودجەی ساڵی ٢٠١٣، بڕیی پارەی ھەرێمی کوردستانیش بەپێی بودجەی ٢٠١٣ دەگاتە ١٤ تریلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار.

“عەبدولقادر محەمەد” ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەھۆی تێکچونی باری ئابوری عێراق، بۆ ئێستا وەزیری دارایی بڕیاری لەسەر خەرج کردنی ١ لەسەر ١٨ی بودجەی داوە، لە ھەرکاتێکیشدا وەزیر بڕیار بدات دەتوانرێت ئەو بڕە پارەیە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت و ھیچ پەیوەندیەکی بەپەسەند کردنی بودجەوە نیەو لە ٣١/١٢ـەوە دەستی کراوەیە.