بەرمیلێک نەوت بە 20 دۆلار دەفرۆشێت

عەلی نعێمی وەزیری نەوتی سعودیە جەختی كردەوە کە وڵاتەکەی بەرهەمە نەوتییەکانی لە رێكخراوی ئۆپێك كەم ناکاتەوە، تەنانەت ئەگەر نرخی یەك بەرمیل نەوت بگاتە 20 دۆلاری ئەمریکی.
وەزیری نەوتی سعودیە عەلی نعێمی لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد کە بە هیچ شێوەیەك وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپێك و سعودیە هەناردە کردنی رێژەی نەوت كەم ناكەنەوە، لە کاتێکدا تەنانەت ئەگەر نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزێت بۆ 20 دۆلاری ئەمریکی.
نعێمی ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ راست نییە ئۆپێك هەناردە کردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان بە تەنیا كەم بكاتەوە بێ‌ ئەوەی ئەو وڵاتانەی لە دەرەوەی ئۆپێک نەوت دەفرۆشن هەناردەکانیان کەم بکەنەوە.
وەزیری نەوتی سعودیە روونیكردەوە کە هیچ گرنگ نییە ئەگەر نرخی یەك بەرمیل نەوت بگاتە 20 یان 40 یان 50 دۆلار، بەڵكو گرنگ ئەوەیە وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك بە هیچ شێوەیەك بەرهەمە نەوتییەكانیان كەم نەکەنەوە.
عەلی نعێمی بەرگری لەو بڕیارەی ئۆپێك كرد كە لە بارەی ئاستی وەبەرهێنانی نەوت و جێگیر كردنی نرخی بەرمیلی نەوت دەری كردبوو.
دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا کاریگەی زۆری ئابووری لەسەر زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دروست کردووە، لە سەرووی هەمووشیانەوە رووسیا و ئێران کە بەهۆی گەمارۆکانی سەریان زۆرترین زیانی ئابوورییان بەرکەوتووە.
خوێندراوەتەوە5873