پسوڵەی خۆراک نامێنێت

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند پرۆژەی بەکارهێنانی کارتی زیرەک بۆ وەرگرتنی بەشە خۆراکەکانی نێو پسوڵەی خۆراک لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت و پارێزگای نەجەف یەکەم ویستگەی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژە دەبێت.
ئەمیر بەیاتی، بریکاری تەکنیکیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند: “دوای دڵنیابوون لە سەرکەوتنی پرۆژەکە لە نەجەف، لە هەموو پارێزگاکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت”.
 
ئەمیر بەیاتی گوتیشی “دوای جێبەجێکردنی پرۆژەی کارتی زیرەکی بەشە خۆراک هاووڵاتیانی عێراق دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بەشە خۆراکی مانگانەیان لای هەر بریکارێک بیانەوێ وەریبگرن”.
بریکاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە “ئامانج لە جێبەجێکردنی پرۆژەی کارتی زیرەکی بەشە خۆراک بۆ نەهێشتنی رۆتین و گەندەڵیە و ئێستا ئامێری زیرەک بۆ خوێندنەوەی کارە زیرەکەکانی بەشە خۆراک دابەش کراوەتە سەر بریکارەکانی پارێزگای نەجەف و لەسەرەتای مانگی داهاتوو کاریان پێدەکرێت”.
ئەمە لەکاتێکدایە بەشە خۆراکی مانگانە کە لە ساڵی ١٩٩٦ لە عێرق جێبەجێ دەکرێت، سەرەتا بەشە خۆراکی زۆری لە خۆدەگرت، بەڵام ئێستا تەنها پێنج جۆر خۆراک لەخۆدەگرێت کە یەکێکیان شیری منداڵانە.