کارگەیەکی پیشەسازیی لە ئێران تەقییەوە

وەزارەتی بەرگری ئێران لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، کە لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی ئاگر کەوتووەتەوە و بە هۆیەوە 2 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کارگەکە سەر بە پیشەسازی وەزارەتی بەرگری ئێرانە و لە خۆرهەڵاتی تاران هەڵکەوتووە، هەر دوو قوربانییەکەش کارمەندی کارگەکەن. وەزارەتی بەرگری ئێران رایگەیاندووە، رووداوەکە شەوی 5 لە 6 ی تشرینی یەكەم روویداوە و ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.
پێش راگەیێنراوەکەی وەزارەتی بەرگری، پێگەی ئەلیکترۆنی (سەحام نیوز) لە ناوخۆی ئێران، لە زاری  هەندێک سەرچاوەوە رایگەیاند، کە نزیک کاژێر 11 ی شەو تەقینەوەیەکی ترسناک لە دەوروپشتی بنکەی سەربازی پارچین لە خۆرهەڵاتی تاران ناوچەکەی هەژاند، ئەو پێگە ئەلەکترۆنییە کە سەر بە مەهدی کەڕووبی سەرکردەی ریفورمخوازی دەستبەسەرکراوە، جەختی لەوە کردووە کە رووناکی تەقینەوەکە لە دووری دوو کیلۆمەترەوە بینراوە و جامی زۆربەی بیناکانی دەوروپشتی شکاندووە.
بنکەی سەربازی پارچین لە باشووری خۆرهەڵاتی تارانە و ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم چەندینجار داوای پشکنینی کردووە، بەڵام ئێران دەڵێت بەهۆی ئەوەی بنکەیەکی سەربازییە و پەیمانی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی نایگرێتەوە، رێگا بە پشکنینی نادەن. بەرپرسانی ئێران جەخت لەوە دەکەن کە بنکەی پارچین ناوەندێکی سەربازییەو هیچ چالاکییەکی ئەتۆمی تێدا ئەنجام نادرێت. 
روداو