شۆفێرى شۆفڵەکەى بەرەى جەنگ و پزیشکێک باس لە جەنگ دەکەن

لەکاتى کردنەوەى ڕێگا بۆ هێرشبردنى پێشمەرگە دژ بە داعش چەندین هاوەن لەنزیکمەوە تەقیونەتەوە و چەندین فیشەک بەر شۆفڵەکەم کەوت بەڵام کۆڵم نەداوە و بەردەوامبوم لەکارکردن.
شۆفێرێکى شۆفڵى بەرەکانى جەنگ باس لەوەدەکات لەماوەى کارکردنى لە بەرەکانى جەنگدا لەپێشەوەى هێزەکانى پێشمەرگە کاریکردووە بەبێ دودڵى هەوڵیداوە ڕێگەى هێرشبردن چاکبکات و پاکى بکاتەوە بۆئەوەى بەئاسانى ئۆتۆمبێلى هێزەکانى پێشمەرگە هەڵمەتبەرن.
 
وریا ڕەسوڵ عزیز ، شۆفێرى شۆفڵەکە دەڵێت” بۆماو زیاتر لە 10 ڕۆژ لە بەرەکانى جەنگبوم و لە دووزخورمات و ناحیەى عێن دیجەک شۆفڵ لەبەرەکانى جەنگ هەبوو بەڵام شۆفێرى نەبوو بۆیە من کارم بەشۆفڵکردوو یەکەم ڕۆژى هێرشبردنەکە لە پێش هەموو پێشمەرگە و هەمەرەکانەوە ڕۆشتم و ئەو جۆگا ئاوانەم چاکرد کە پێویستبوو پێشمەرگە لێى بپەڕێتەوە”
ئەو شۆفێرە ئەوەش دەگێڕێتەوە کە زیاتر لە 500 مەتر لە پێش هێزەکانى پێشمەرگەوەبووە بۆچاکردنى ڕێگا کە سێ جۆگا ئاویى پڕکردۆتەوە پاشان هێزەکانى پێشمەرگە ڕێگایان بۆ خۆشبو وەپەڕیونە و دواى ئەوە تواندرا دەستبگیرێت بەسەر قەریەى سەلام و ناحیەى عین دیجە”
شۆفێرەکە باسلەوەدەکات بە شەوڕۆژ کاریکردووە لەدروستکردنى ڕەبایە و ساتر بۆ هێزەکانى پێشمەرگە کەبەردەوام من ڕوبەڕوى مەرگبومەتەوە بەهۆى ئەوەى لەپێش هێزەکانى پێشمەرگەوە کارمدەکردوو بەردەوام هاوەن بارانکراوم و فیشەکم پێوەدەندرا و ئاوێنەکانم شکان بەڵام توانیم بەسەلامەتى کارەکانم بکەم”
ئەوشۆفێرەى شۆفێڵى پێبوو لەبەرەکانى جەنگ و هێزەکانى پێشمەرگە قارەمانێتى دەگێڕنەوە لەلایەن ژورى بازرگانى و پیشەسازیەوە ڕێزلێنانیانبۆکراو خەلاتکران.
وریا ڕەسوڵ ئامادەیە بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنى هێزەکانى پێشمەرگە وەک کوردێک بەبێ هیچ بەرامبەرێک بجەنگم و خۆم بەختبکەم.
 
پزیشکێکی بەرەکانی جەنگ: پێویستمان بە در‌عە
پزیشکێکی بەرەکانی جەنگ باس لەبەردەوامی کاروچالاکیەکانیان دەکات و داوادەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریانبن لەدابینکردنی ئەوپێداویستیانەی دەیانەوێت.
ئاوات محمد بابەکر ، سەرپەرشتیاری تیمی پزیشکی سلێمانی لە محوەری دووز هەتا خانەقین. بۆ پشتیوانی هێزتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنیت” هەر لە سەرەتای دروستبونی ئەم بارگرژیە سیاسییەوە ، سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی هەڵسا بە درووستکردنی تیمی پزیشکی لە ناو سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە دا، کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو هەر تیمێک لە دوو کارمەندی تەندروستی و ئەمبوڵانسێک پێکهاتووە .
وتیشی” هەتاکو ئێستا ٨٠ تیم ناونوسکراوە بۆ بەشداریکردن لەم هەڵمەتە نیشتیمانیە  وە زیاتر لە ٧٠ تیمی پزیشکی بەشداریان کردوە. لە سەربازگەی کەیوانەوە بە درێژای سنوری کەرکوک، دووز، جەلەولا و خانەقین. ئەم تیمانە خۆبەخشانە بەشدارن و چالاکانە کارەکانیان بێبەرامبەر ڕاپەڕاندووە”.
لە تەواوی ئەم بەشداریکردنەماندا ، توانراوە ساڕێژی ژمارەیەک برینداری زۆر بکرێت وە هەندێک جار دەربازکردنی ڕوفاتی شەهیدەکانمان لەبەرەکانی چەنگ. زۆرجار لە ڕێگەی هەمەرە درعەکانەوە ڕوفاتی شەهیدەکانمان هەروەها بریندارەکان ڕزگار دەکەین. لە چەندین شەڕگەدا گیانی تیمەکانمان کەوتۆتە مەترسییەوە  بەڵام هەر بەردەوامین . زۆرجار لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانماندا دووچاری کەوتنە ناو هێرشی کاتێۆشا و هاوەنی دوژمن بوینەتەوە ، خۆشبەختانە هەتا ئێستا زیانی گیانی بەر تیمەکانمان نەکەوتووە”.  
هەڵمەت و هاوکاری و تەکتیکی ئەم جارەی تیمە پزیشکیەکانمان جیاواز بوو لە سەرجەم هەڵمەتەکانی پێشوومان ، بەوەی لە ڕووی لۆجیستیکی و پێداویستی پزیشکی و توانا مرۆیەکانمانەوە تێر و تەسەل بووە وە کەسانی ڕاهێنراو و پرۆفێشیناڵ بەکارهاتووە لەم تیمانەدا.  هەرچی بۆمان کرابێت نەمان هێشتووە بریندارەکان بە سەیارەی ئاسایی پێشمەرگە بگوازێتەوە بەشی دواوەی بەرەکانی جەنگ کەئەمەش سیاسەتی سەرکەوتوی تیمەکنامانە. زۆرجار شێوازی گواستنەوەی بریندارەکان لەلایەن کەسانی نەشارەزاوە زیانی پێدەگەیەنێت بۆیە بەردەوام تیمەکانمان و ئەمبوڵانسەکان ببوینە قەڵغانی پاراستنی گیانی پێشمەرگەکانمان. 
تیمەکان ڕێکخراوە لە چوارچێوەی کارکردن بە شێوازی خشتەیەکی دیاریکراو کە لە کاتی ئاسایدا هەر گروپێک چوار شەو و چوار ڕۆژ دەمێنێتەوە بەڵام لە کاتە نائاسایەکاندا مانەوەی تیمەکان  لە شەرگەکاندا گۆڕانکاری بەسەر دێت.  
سەرپەرشتیاری تیمی پزیشکی ئاماژەی بەوەشدا لەم کاتەدا کە کوردستان دووچاری قەیرانی ئابووری بۆتەوە ، ئەم قەیرانە کاریگەری لەسەر ئەرکەکانی ئێمە جێهێشتوە هەم فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی و هەم ڕێکخراوەکەمان سەندیکای کارمەندانی تەندروستی  وەک پێویست لە ئاست دابینکردنی پێداویستی تیمەکانمان نەبون ئەمەش تەنها هۆکاری ئابوریە و هیچی تر بۆ نمونە؛ پێسنیاری تیمەکان بۆ ئێمە ئەوەیە کە بتوانین قەڵغانی سنگ و پشت ( هێلەکی درع) بۆ کارمەندەکان دابین بکرێت بەڵام بەهۆی نەبونی بودجە نەمان توانیوە بۆیان دابین بکەین. هەروەها نەبونی یەکپۆشی جلی کوردی ، یەکێکە لە داواکاری تیمەکانمان. داواکارین هەرلایەنێک ئارەزومەندە لە هاوکاری تیمەکانمان ئەوا سوپاسی دەکەین بۆ ئەو ئەرکە پیرۆزە نیشتیمانیە. 
ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى پاش سەردانکردنیان بۆ بەرەکانى جەنگ و بینینى ڕەوشى هێزەکانى پێشمەرگە و ئەو پزیشکانەى لەوێ کاردەکن  بڕیاریدا سەرجەم پێداویستیەکانى بەرەکانى جەنگ بۆ تیمەکانى تەندروستى ئامادەبکات کە خۆى لە هێلەى درع و جلوبەرگى تایبەت و یەکپۆش خۆى دەبینێتەوە، وەتوانى خەڵاتى ڕێزلێنان و هاوکارى پێشکەشى هەردوو ئەوکەسە بکات کە توانیویانە لەبەرکانى جەنگ خزمەتبکەن وەک ڕێزگرتنێک بۆ هەڵوێست و قارەمانێتى ئەو کەسانە.
 
ز.ر