ئابووری ئێران پاشەكشەی كردووە

بەپێی دوایین راپۆرتی بانكی ناوەندی ئێران، ئابووری ئەو وڵاتە بەرێژەی لەسەدا 1.9 پاشەكشەی كردووە، هەروەها رێژەی هەڵئاوسان لەساڵی رابردوودا بەبەراورد بە ساڵی پێشووتر بە رێژەی لەسەدا 34.7 بەرزبووەتەوە.
ئاماژەكانی ئابووری ئێران دەریدەخەن، كە كەرتی نەوت و گازی ئێران لە ساڵی رابردوودا بە رێژەی لەسەدا 8.9 پاشەكشەی كردووە.
ئەو رێژەیە بەرامبەر بە دوو ساڵی رابردوو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەو پێیەی كە لە دوو ساڵی رابردوو لەكاتی قوڵبوونەوەی كێشەی ئابووری ئێران، كەرتی نەوت نزیكەی لەسەدا 37 پاشەكشەی كردبوو.
پاشەكشەی ئابووری ئێران لە كەرتی پیشەسازی و كانزاكان لەسەدا 3.6 بووە، هەروەها كەرتی بیناسازی بە رێژەی لەسەدا 3.1 دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی كە لەلایەن بانكی ناوەندی ئێران بڵاوبووەتەوە، جگە لە بەشی كشتووكاڵ و خزمەتگوزاری كە دوو ساڵی رابردوو گەشەی بەخۆیەوە بینیبوو، پاشەكشەی هەموو كەرتەكانی دیكە لە ساڵی رابردوو بەرامبەر بە ساڵی پێشتری كەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
داتاكانی بانكی ناوەندی ئێران نەیتوانیوە خەمڵاندن بكات بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی رابردوودا، بەڵام دەریدەخات كە داهاتی كەرتی نەوت نزیكەی 65 ملیار دۆلار بووە.
ئەوە لە كاتێكدایە كە داهاتی ئێران بەراورد لەگەڵ دوو ساڵی رابردوو بە رێژەی لەسەدا 100 دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
پاش تووندبوونەوەی سزاكانی سەر ئێران لە ساڵی 2012 دا، ئابووری ئێران رووبەڕووی قەیرانی جدیی هات و ئاستی هەناردەكردنی نەوت لە 3 ملیۆن بەرمیلەوە دابەزی بۆ رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل. تەنانەت ئەو وڵاتە رووبەڕووی گرفتی زۆر هات بۆ وەرگرتنی ئەو پارەی كە لە فرۆشتنی نەوت بەدەستیدەهێنا، لەبەر ئەوەی كە بانك و كۆمپانیاكانی بیمەی جیهان نەیاندەتوانی لەگەڵ ئەو وڵاتە مامەڵە بكەن.
ئاستی هاوردەكردنی كاڵاو شتوومەك لە ئێران لە ساڵی رابردوودا بە راورد لەگەڵ ساڵی پێشتر لە ساڵانە 62 ملیار دۆلالار دابەزی بۆ 49 ملیار دۆلار.
لە كاتێكدا لە دوو ساڵی رابردوودا وەبەرهێنان لە ئێران بە رێژەی لەسەدا 23.8 دابەزینی بەخۆیەوە بینیبوو، ئەو رێژەیە لە ساڵی رابردوو كەمدەبێتەوە بۆ لەسەدا 6.9.
ئەوەش بەو مانەیە كە رەوشی وەبەرهێنان لە ساڵی رابردوودا باشتر بووە، بەڵام بۆ ئەوەی بگاتە رێژەیەكی ئەرێنی و بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت هێشتا مەودایەكی زۆری لەبەردەمدایە.
بەرپرسانی ئێرانی رایانگەیاندووە كە رێژەی پاشەكشەی ئابووری ئێران خاوبووەتەوەو چاوەروان دەكەن كە لە دوو ساڵی داهاتوودا ئابووری ئەو وڵاتە پاش 8 ساڵ پاشەكشە لە كۆتاییدا گەشە بكات. سەرەرای ئەوە هێشتا داتا و وردەكاری زیاتر لەلایەن ناوەندە داراییەكانی ئێران رانەگەیێندراوە.
روداو