بزانە ئەو یەکانە چەندەکە بۆ خەڵکى کەمدەرامەت دروستدەکرێت

بە ئامادەبوونى پارێزگارى سلێمانى و ژمارەیەک بەرێوەبەرى فەرمانگە حکومییەکانى سلێمانى، بەردى بناغەى  هەزار یەکەى نیشتەجێ بوونى لەناوچەى کەڵەوانانى شارى سلێمانى دانا.

لە میانەى دانانى بەردى بناغەى پرۆژەکەدا ، پارێزگارى سلێمانى رایگەیاند، پرۆژەکە جێ بەجێ کردنى بەشى یەکەمى  ئەو پلانەیە کە پارێزگاى سلێمانى دایناوە بۆ دروستکردنى 100 هەزار یەکە لەو ناوچەیەدا بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانى نیشەجێبوون لە شارى سلێمانى.
ئەو هەزار یەکەیە، لە لایەن کۆمپانیاى گوڵى ژاڵى، بەناوى مینا سیتى و بەشێوەى وەبەرهێنان  لەماوەى 28 مانگدا دروست دەکرێت.
 یەکەکان رووبەریان 106 مەتر دووجایە و هەر یەکەیەک 52 هەزار  دۆلارى تێدەچێت  و  بەشێوەى باڵەخانەى 10 نهۆمى دروست دەکرێن کە هەموو کوالێتیەکى سەردەمى تێدا دەبێت لەوانە مەسعەد و بەربەستى گەرمى و ساردى و خزمەتگوزارییە پێویستەکانى تر.
سەبارەت بە میکانیزمى دابەشکردنى ئەو یەکانەش، پارێزگارى سلێمانى رایگەیاند: یەکەکان دەدرێت بە خەڵکى کەمدەرامەت و کرێنشین و کۆمپانیاکە خۆى یەکەکان نافرۆشێت بەڵکو ئامارى سلێمانى ناوى  ئەو کەسانە  دەدات بە کۆمپانیاکە کە شایستەى وەرگرتنى یەکەکانن هاووڵاتى کەمدەرامەت و کرێنشینن.
پارێزگار وتیشى: دواى تەواو بوونى 10%ى پرۆژەکە ، لەلایەن ئامارى سلێمانییەوە ناوى هەزار کەس دەدرێت بە کۆمپانیاکە بۆ پێدانى یەکەکان ، پارەى تێچوونى یەکەکانیش بەشێوەى قیست لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت، بەجۆرێک تا تەواوبوونى پرۆژەکە و بەشێوەى قیستى مانگانە 43%ى تێچوونەکە لەهاووڵاتى وەردەگیرێت و دواى تەواو بوونى یەکەکانیش  باقى پارەى تێچوونەکە لەماوەى 100 مانگدا دەدرێت بە کۆمپانیاکە.
پارێزگارى سلێمانى راشیگەیاند ، دیزاین و کوالێتى و یەکەکان لەلایەن لیژنەیەکى پسپۆڕى پارێزگاى سلێمانەییەوە دانراوەو چاودێرى کۆمپانیاکەش دەکەن بۆ دڵنیا بوونەوە لە جێ بەجێ کردنى پرۆژەکە لەکاتى خۆیدا و بەو شێوەیەى دیزاینى بۆ کراوە
 
لاى خۆشیەوە نەوزاد غەفور جێگرى دووەمى سەرۆکى ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى کە لەدانانى بەردى بناغەى  هەزار یەکەى نیشتەجێ بوون لەناوچەى کەڵەوانان ئامادەبوو ڕایگەیاند دروستکردنى ئەم یەکانە کاریگەرى باشیدەبێت بۆ خەڵکانى کەمدەرامەت کە حکومەت بەمشێوەیە کاربۆدروستکردنى ئەوجۆرە یەکانەدەکات.
 
ز.ر