لە گەشتی بازرگانیدا چین لە پلەی دوەمدایە

چین به‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیار ‌و 300 ملیۆن دانیشتوانه‌وه‌ له‌ماوه‌ی بیست ‏ساڵی رابردوودا له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ چه‌ندین هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه‌، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، توانی جێگه‌ به‌ ژاپۆن له‌ق بكات‌ و ببێته‌ دووه‌م ‏وڵاتی ئابووری جیهان له‌دوای ئه‌مه‌ریكا كه‌ تائێستاش یه‌كه‌م وڵاتی ‏ئابووری جیهانه‌.
ئێستا چین له‌ بواری بازرگانیدا شان له‌ شانی ئه‌مه‌ریكا ‏ده‌دات ‌و به‌دووریش نازانرێ له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوودا پێش ئه‌مه‌ریكا ‏بكه‌وێت.
 به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن ئێن، چین له‌ڕووی ژماره‌ی ‏گه‌شته‌ بازرگانییه‌كانه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كان ‌و له‌وانه‌شه‌ ‏تاساڵی دووهه‌زار و شازده‌ زیاتر پێش بكه‌وێت‌ و ژماره‌ی گه‌شته‌ بازرگانییه‌كانی ‏له‌ ئه‌مه‌ریكا زیاتربێت.
به‌های ئه‌و گه‌شته‌ بازرگانیانه‌ی له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا له‌ چین ئه‌نجام ‏دراون گه‌یشتۆته‌ 225 ملیار دۆلار، ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌ رێژه‌ی سه‌دا 23ی كۆی گشتی ‏گه‌شته‌ بازرگانییه‌كانی هه‌موو جیهان كه‌ یه‌ك ترلیۆن و 100 ملیار ‏دۆلاره‌.
وه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێكردووه‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ چین له‌دوای ئه‌مه‌ریكا دووه‌م ‏وڵاته‌ كه‌ زۆرترین گه‌شتی بازرگانی تێدا ئه‌نجام درابێت‌ و ئه‌مه‌ریكاش ‏كه‌ یه‌كه‌مه‌، به‌های سه‌رجه‌م گه‌شته‌ بازرگانییه‌كانی ده‌گاته‌ 274 ملیار ‏دۆلار.