” بەهۆی ئەم باردۆخەوە هاوڵاتیان كەمتر پارە لە بانكەكان دادەنێن “

بەڕێوەبەرێكی گشتی لە بانكی ناوەندی ڕایدەگەیەنێت: لقی دوو بانكی بەناوبانگی جیهانی لە هەرێمی كوردستان كراوەتەوە و ژمارەی بانكە بیانییەكانیش گەیشتۆتە 86 بانك.
ئەدهەم كەریم دەروێش ؛بەڕێوەبەری گشتی لقی بانكی ناوەندی عیراق لە هەولێر؛ بۆ ئاژانسی (ئانادۆڵ) ئاشكرای كرد:”لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان 88 بانكی حكومی هەیە.”
لەبارەی بانكە ئەهلییەكان ئەدهەم كەریم دەروێش وتی: “ئەمساڵ لقی هەردوو بانكی ستاندەرد چارتەردی بەریتانی و فەرسی لوبنانی كراوەتەوە و بەمەش ژمارەی بانكە بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە 86 بانكی بیانی.”
ڕوونیشی كردەوە: “زۆربەی ئەو بانكە بیانیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە بانكی توركی و لوبنانین.”
لە بارەی سەرمایەی ئەو بانكانە ئەدهەم كەریم وتی “ئەو بانكانەی كە عیراقین دەبێ سەرمایەیان 250 ملیار دینار بێت، بانكە بیانییەكانیش دەبێت سەرمایەكانیان 7 ملیۆن دۆلار بێت.”
دوای ڕاپەرینەكەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ كوردستان بەرامبەر بە ڕژێمی بەعسی پێشووی بەغداد و تاڵانكردنی پارەی بانكەكان، نەگەڕاندەنەوەی ئەو پارانە بۆ خاوەنەكانیان، بووە هۆی ئەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان جۆرێك لە بێ متمانەییان لا دروست بێ بۆ دانانی پارەكانیان لە بانكەكانی عیراقی. حكومەتی هەرێم بۆ گەڕانەوەی ئەو متمانەیە، پەنای بردۆتە بەر بانكەكانی جیهانی و ئاسانكاری زۆری لە بارەیەوە كردووە.
لەوبارەیەوە ئەدهەم كەریم جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، بە هۆی ئەو بارودۆخە ئاسایشییەی ئێستا هاتۆتە ئاراوە، تا ڕادەیەك ئەو بێ متمانەیە دروست بۆتەوە و هاوڵاتیان بۆ پاشەكەوتكردنی پارەكانیان  كەمتر پەنا بۆ بانكەكان دەبەن.