بریتانیا، 13 ملیون پاوەن تەرخان دەكات بۆ ئاوارەكانی ناو هەرێم

حكومەتی بریتانیا لە رێگەی دەستەی هاوكاری و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بریتانیەوە ، 13 ملیون پاوەن تەرخان دەكات بۆ ئاوارەكانی ناو هەرێمی كوردستان.
 بەهرۆز محەمەد ساڵح ، پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ دوو راوێژكاری دەستەی هاوكاری و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بریتانیا کۆبۆوە، كە بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتێك لە بارەی ئاوارەكانەوە  لەسلێمانین.
راوێژكارانی دەستەی هاوكاری و گەشەپێدانی بریتانی  رایانگەیاند، حكومەتی بریتانیا بڕی 13 ملیون پاونی تەرخانكردووە بۆ هاوكاری ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان و لەسەر راسپاردەی دەستەكەش ئەوان هاتوون بۆ هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتێك لەسەر رەوشی ئاوارەكان و پێویستە هەنوكەییەكانیان.
راشیانگەند لە ژێر رۆشنای ئەو راپۆرتەدا دەستەكەیان ئەو بودجە تەرخانكراوە  لەو بوارانەی كە ئەولەویەتیان هەیە و  پێویستن بۆ ئاوارەكان خەرج دەكات.
لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی سوپاسی حكومەتی بریتانیاو دەستەی هاوكاری و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بریتانی كرد بۆ هاوكاری و پێشتوانی لە هەرێمی كوردستان و هاوكاری كردنی ئاوارەكان و تەرخانكردنی ئەو بڕە بودجەیە بۆ ئاوارەكان.
پارێزگار ئاماژەی بۆ ئەوەكرد ئاوارەكان پێویستیان بە كەمپ هەیە لەبەر  زۆری ژمارەیان و نەبوونی كەمپی پێویست زۆربەیان لە خوێندنگەكاندا نیشتەجێ‌ كراون، لە كاتێكدا وەرزی بارانبارین و خوێندن نزیك بووەتەوەو نەبوونی كەمپ كێشەی  زۆر بۆ حكومەتی هەرێم و خوێندكاران و ئاوارەكانیش دروست دەكات.
پارێزگار وتیشی: رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووكان كە دروست كردنی كەمپەكانیان گرتووتە ئەستۆ رۆتیناتیان زۆرەو كارەكانیان بە خاوی دەچێتە پێشەوە ، بۆیە داوای لە دەستەی هاوكاری و گەشەپێدانی بریتانیا كرد گرنگی بە كردنەوەی كەمپ بدەن و هەوڵ بدەن بە زووترین كات كەمپە نوێكان تەواو ببن.
 
ز.ر