به‌رهه‌می په‌تاته‌ی هه‌رێم هەناردە دەكرێت

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم بڕیاریدا سه‌د ته‌ن به‌رهه‌می په‌تاته‌ی خۆماڵیی هه‌نارده‌ی شانشینی عه‌ربستانی سعودیه‌ بكات. 
ماجید ده‌باغ، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم رایگه‌یاند، “له‌ چوارچێوه‌ی به‌رده‌وام هاندانی كۆمپانیاو بازرگانه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ بۆ هاوكاریی كردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت به‌مه‌به‌ستی كڕین و هه‌نارده‌كردنی به‌روبوومی په‌تاته‌ كه‌ له‌ وه‌رزه‌كانی پێگه‌یشتندا له‌ پێویستی هه‌رێمی كوردستان زیادده‌كات وه‌زاره‌ت ئه‌م هه‌نگاوه‌ی گرته‌به‌ر”.
 
ماجید ده‌باغ، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌، “ئه‌م كاروانه‌ی په‌تاته‌ كه‌ ره‌نگی سووره‌و بڕه‌كه‌ی 100 ته‌ن، بۆ مه‌به‌ستی پیشه‌سازیی خۆراك به‌كارده‌هێنرێت، له‌رێی كۆمپانیایه‌كی عێراق كه‌ لقێكی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ هه‌نارده‌ی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ ده‌كرێت”. 
روونیشی كرده‌وه‌ كه‌، “چه‌ندین كۆمپانیای بیانیش كه‌ لقیان له‌  هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، سه‌رقاڵی به‌ره‌وپێشبردنی هه‌موو جۆره‌ به‌روبوومێكن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستیی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان  و زیادبوونی به‌رهه‌می ناوخۆیی بۆ ره‌وانه‌كردنی  بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات”،
ده‌شڵێت ئه‌م هه‌نگاوه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم، “بۆ بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی هه‌رێم و  به‌رژه‌وه‌ندیی جووتیارانیشه‌ له‌ پێناو ساغكردنه‌وه‌ی به‌روبوومه‌كانیان چ له‌ ناوه‌وه‌ یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان”. 
له‌ وه‌رزی به‌هاری ئه‌مساڵدا بڕی 115 هه‌زار ته‌ن په‌تاته‌ به‌رهه‌م هاتووه‌ و پشكی تێرخواردن و پێداویستیی ساڵانه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش نزیكه‌ی 90 هه‌زار ته‌نه‌.