لەئیران 600 کەس چارەكێکی سامانی ولاتەکەیان بەدەستە

بەرپرسێكی ئێرانی رایگەیاندووە، یەك لەسەر چواری نەختی ئەو وڵاتە لەدەست 600 كەسە.
عیزەتوڵڵا یوسفیان، ئەندامی كۆمیسیۆنی دژە گەندەڵی لە ئێران رایگەیاندووە، تەنیا 600 كەس لەو وڵاتە، یەك لەسەر چواری تێكڕای پارەو نەختی ئێرانیان لەبەردەستە.
ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی دژە گەندەڵی هەروەها رایگەیاندووە، ئەو 600 كەسە بەهۆی نزیكبوونیان لە دەسەڵات، لەسەدا 25ـی پارە و سامانی ئەو وڵاتەیان لەبەردەستە.
عیزەتوڵڵا یوسفیان نموونە بە بەڕێوەبەرانی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی ئەو وڵاتە، كە لە بواری پیشەسازی ئۆتۆمبێل چالاكن، دەهێنێتەوە، کە نزیكەی 8 هەزار ملیار تومەن پارەیان لە حكومەتی ئەو وڵا‌تە وەرگرتووە و ئەو پارەیان لە بانكەكاندا داناوە، قازانجی دانانی ئەو بڕە پارەیەش لە نێوان خۆیاندا دابەش دەكەن و زیانەكەشی بە حیسابی كۆمپانیاكان دادەنێن.
ئەندامێكی پەرلەمانی ئێرانیش رایگەیاندووە، كەسوكارانی بەرپرسانی ئەو وڵا‌تە لە رێگەی جۆراوجۆر دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەدا گرتووە و دەستیان لە هەموو كەرتەكانی ئابووری ئێراندا هەیە.
 
سەرچاوە: BBC

 

ز.ر