داوای هەرزانكردنی نرخیان لێدەكەن

زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی ھەڵمەتی کوژاندنەوەی مۆبایلیان دەستپێکردو داوا لەھاوڵاتیان دەکەن بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر مۆبایلەکانیان بکوژێننەوە.
لەژێر دروشمی (تۆش یەکێک بە لەوانەو ژمارەکە زیاتر بکە) زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی کەمپینی داخستنی موبایلیان لەھەرێمی کوردستان دەستپێکرد، وەک فشارێک بۆ سەر ھەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم.
لەڕاگەیەنراوێکی ئەو ئەو ھەڵمەتەدا ھاتووە:”داوا لەبەشداربوانی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تلیکۆم دەکەین ئەمڕۆ لەکاتژمێر ١٢ تاوەکو ٥ی ئێوارە مۆبایلەکانیان بکوژێننەوە و بەکارینەھێنن وەک فشارێک لەسەر ئەو دوو کۆمپانیایە تاوەکو بتوانن نرخی پەیوەندیکردن بکرێتە ٥٠ دینار بۆ ناوخۆو بۆ دەرەوەش بکرێتە ١٠٠ دینار، ھەروەھا نرخی بەکارھێنانی ئەنتەرنێتیش بکرێتە خۆڕایی”.
ڕاگەیەنراوەکە ئەوەشی ڕونکردۆتەوە، لەو ھەڵمەتەدا زیاتر لە٥٠ ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی لەشارەکانی (دھۆک، ھەولێر، سلێمانی، گەرمیان، ھەڵەبجە، سۆران و ڕانیە) پاڵپشتی دەکەن بۆ داخستنی مۆبایل بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر.