بەنزینخانە بازرگانییەکان دادەنرێنەوە

لە ماوەى چەند رۆژى ئایندەدا لەشارى سلێمانى بەنزینخانە بازرگانییەکان دەکرێنەوە و  ژمارەیەک بەنزینخانە بەنرخى بازرگانى بەنزین دەفرۆشن و هەروەها لەرێگەى کارتى سوتەمەنیشەوە لە رێگەى بەنزینەحکومییەکانەوە بەنزین بەسەر شۆفێراندا دابەشدەکرێت ئەمەش وەک هەولێک بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتى سوتەمەنیەى هاتووەتەئاراوە.
 ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى لە دیوانى قائیمقامیەت لەگەڵ لیژنەى سوتەمەنى و لێپسراوانى پەیوەندیداردا کۆبوویەوە و باس لە گرتنەبەرى رێگەچارەیەکى گونجاو کرا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گرفتەى  دروست بووە ، پاش گفتوگۆ و تاوتوێکردن  بڕیاردرا وەک هەوڵێک بۆ چارەسەر کردنى گرفتەکە بەچاودێرى حکومەت رێگە بە چەند بەنزینخانەیەک بدرێت کە لە دەرەوەى هەرێم بەنزین و سوتەمەنى بهێننە شارى سلێمانى و بەنرخى بازرگانى بیفرۆشن ، هەروەها تا ئەو کاتەى کارتى دابەشکردنى سوتەمەنى تەواو دەکرێت لە رێگەى ژمارەى تاک و جوتى ئوتومبێلەوە بە نرخى حکومى بەنزین بۆ شۆفێران دابین بکرێت.
 
لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لە کۆى 55 بەنزینخانە لە شارى سلێمانى 25 بەنزینخانەیان بەنرخى حکومى بەنزین دابەشبکەن و لەو ژمارەیەش 4 بەنزینخانەیان تایبەت دەکرێت بە ئوتومبێلى تاکسى و 2 بەنزینخانەش بۆ پاس و 2 تریش تایبەت دەکرێت بە ئوتومبێلى فەرمانگەو دامەودەزگاکان بەهەمان نرخ ،  هەروەها 28 بەنزینخانەش بکرێتە بازرگانى و بەنرخى بازرگانى بەنزین بفرۆشن و لەلایەن دامەزراوەکانى حکومەتەوە چاودێرى جۆر و کوالیتیەکەى بکرێت.
 قائیمقامى سلێمانى راشیگەیاند مەبەستمان لەم بڕیارانە بۆ چارەسەر کردنى ئەو گرفتەیە کە بەهۆى کەمى بڕى پێویستى سوتەمەنیەوە لە هەرێمى کوردستان هاتووەتە ئاراوە، راشیگەیاند  لەماوەى چەند رۆژى ئایندەدا بڕیارەکان دەچێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە و لە نزیکترین کاتیشدا کارتى دابەشکردنى سوتەمەنى بەسەر شۆفێراندا دابەشدەکرێت کە لەرێگەى کۆبوونى خۆراکەوە دەبێت و بۆ هەر کۆبۆنێک تەنها یەک کارتى دابەشکردنى سوتەمەنى دابین دەکرێت.