رۆژی جیهانیی ئاو

22ی مارس، رۆژی جیهانیی ئاوە، نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم رۆژەی وەك زەنگێكی هوشیاركردنەوە بۆ پەی بردن بەگرنگی‌و بایەخی ئاو لەئاستی نێودەوڵەتیدا دیاریكردووە.
لەبیست‌و یەكەمین “كۆنفرانسی جیهانیی ژینگەو گەشە”ی رێكخراوی (UNCED)ای سەر بەنەتەوە یەكگرتوەكان لەبەرازیل پێشنیاری رۆژی جیهانیی ئاو كراو ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانیش بەشێوەیەكی رەسمی 22ی دیسەمبەری 1992ی وەك رۆژی جیهانیی ئاو راگەیاند.
لەوكاتەوە تا ئێستا، هەموو ساڵێك سەرجەم وڵاتانی جیهان كۆنفرانس‌و چالاكی تایبەت بەم بۆنەیە دەگێڕن‌و بەچەندین شێواز یادی دەكەنەوە، رێكخراوەكانی تایبەت بەكۆمەڵگای مەدەنیش دەستپێشخەرن لەئاگاداركردنەوەی وڵاتان‌و رای گشتی جیهان لەڕێگەی بەدەرخستنی ئەو كێشەو مەترسیانەی كە لەئەنجامی كەمی رێژەی ئاوی شیرین‌و سازگاردا دێتەكایەوە. بۆیە رێخراوێكی گەورەی وەكو نەتەوە یەگكرتووەكان كار لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی گونجاو دەكات بۆ قەیرانی ئاوو دەیەوێت لێكتێگەیشتنێكی نێودەوڵەتی بێتە ئاراوە تاوەكو ململانێ‌و كێشەكانی پەیوەست بەقەیرانی ئاو زیاتر قوڵ نەبێتەوەو مۆركێكی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە نەبینێت‌و شەڕی راستەوخۆی لێنەكەوێتەوە. 
نەتەوە یەكگرتوەكان پێیوایە گرفتی ئاو گرنگترین گرفتی ئێستا‌و ئایندەی جیهانە‌و بەسەرچاوەی چەندین كێشەی هەمەلایەنە دادەنرێت بەتایبەتی لەڕووی ئابووری‌و كێشمەكێشی سیاسیدا. ئێستا لەجیهاندا ناهاوسەنگییەك لەهاوكێشەی توانای دابینكردنی ئاوو پێداویستییەكانی بۆ ژیان‌و كشتوكاڵ دروست بووە. كە هەندێكیان سروشتین‌و پەیوەندیان بە هاوكێشەكانی گۆڕانی بارودۆخی ئاووهەوای جیهانەوە هەیە وەك (وشكەساڵی‌و بەبیابانبوون‌و گەردەلوولە خۆڵاوییەكان، هەندێكیشیان مرۆیین. نەتەوە یەكگرتوەكان پێیوایە دەستڕاگەیشتن بەئاوی تەندروست لەگەڵ ئەوەی مافێكی سەرەتایی هەموو مرۆڤێكی كۆمەڵگایە بێ جیاوازیی پێداویستییەكی گرنگیشە بۆ بەردەوام بوونی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە.
لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بوونی ئاو بۆ پێداویستییەكانی ژیان لەلایەك‌و پیس بوونی سەرچاوەكانی ئاو لەلایەكی ترەوە یەكێكن لەگرنگترین ئەوكێشەو گیروگرفتانەی كە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێوەی دەناڵێنێت.
رۆژی جیهانیی ئاو هەوڵێكە بۆ تیشك خستنە سەر گرفتی كەمئاوی‌و تێگەیشتن لەگەورەیی ئەو قەیرانەی كە لەساڵانی ئایندەدا روبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە بەهۆی ئەم گرفتەوە.