بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی:هەر هاوڵاتیەك بڕی (310)لیتر ئاوی بەردەكەوێت

بەپێی ستاندەری جیهانی (250) لیتر ئاو بۆ هاووڵاتی لەرۆژێكدا دیاری كراوە، بەڵام لەشاری سلێمانی هاووڵاتی بڕی (310)لیتر ئاوی بەردەكەوێت
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی “ئەندازیار فەرهاد محەمەد سابیر” ئاماژە بەوە دەكات بۆ كەمكردنەوەی رێژەی بەفیڕۆدانی ئاو، بەنیازن پێوەری ئاو بۆ هاولاتیان دابنرێت.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات كە “بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ئەركی دابینكردنی ئاوی خاوێنە بۆ هاووڵاتیانی شاری سلێمانی‌و چەند قەزاو ناحییەكی وەك چەمچەماڵا‌و شۆڕش‌و بازیان‌و تەكیەو پیرەمەگرون‌و ئەڵایی”.
ناوبراو بەگۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند كە “سەرچاوەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان پڕۆژەی ئاوی سەرچنارو پڕۆژەی هێڵی (1و2)ی ئاوی دوكان- سلێمانیە”.
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی وتی “بەپێی ستاندەری جیهانی (250) لیتر ئاو بۆ هاووڵاتی لەرۆژێكدا دیاری كراوە، بەڵام لەشاری سلێمانی رۆژانە هەر هاووڵاتیەك بڕی (310) لیتر ئاوی بەردەكەوێت”.
وتیشی “لەئێستادا بەنیازین پێوەری ئاو بۆ هاووڵاتیان دابنێین، ئەمەش هۆكارێكی باش دەبێت بۆ كەم كردنەوەی رێژەی بەفیڕۆدانی ئاو”.
ناوبراو جەحتی لەوە كردەوە كە ئەوان بەردەوام روبەرووی گرفتی فراوانبوونی شار دەبنەوەو دەبێت وە بەڕێوەبەرایەتی ئاو خۆیانی بۆ ئامادە بكەن، ئەو وتی “بەردەوام گەڕەكی تازە دروست دەبێت لە شاری سلێمانیدا، لەماوەی درێژخایەندا شار گەورەتر دەبێت، بەڵام لەبەرامبەریشدا كاركراوە بۆزیادكرنی بەرهەمی ئاو”.
وتیشی “بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەئێستادا چەندین پڕۆژەی لەجێ‌بەجێكردندایە وەكو پڕۆژەی هێڵی (3) ئاوی دوكان سلێمانی بەتەواو بونی (3200) مەتر سێجا ئاو لەكاتژمێرێكدا بۆ شاری سلێمانی زیاد دەبێت، هەروەها بەردەوام بونی گۆڕینی تۆڕە كۆنەكان‌و ڕاكێشانی تۆڕی ئاو بۆ گەڕەكە تازەكان‌و دروستكردنی تەنكی گەورەو چەندین كاری تر”.