داوا دەكرێت باج لەسەر جگەرە زیاد بكرێت

لە رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشاندا، رێکخراوی تەندروستی جیھان داوا لە وڵاتان دەکات باجی زیاتر لە سەر بەرھەمھێنانی جگەرە دابنرێت.
لە یادی رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان رێکخراوی تەندورستی جیھانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، لە ئێستادا  ١ ملیارو ١٠٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا جگەرەکێشن و بەو ھۆیەشەوە ساڵانە نزیکەی ٦ ملیۆن کەس دەمرن، کە ٦٠٠ ھەزار کەسیان لە بنەڕەتدا جگەرەکێش نین‌و بە ھۆی دوکەڵی کەسانی جگەرەکێشەوە گیان لەدەست دەدەن.
بەیاننامەکە پێشبینی ئەوەشیکرد تا ساڵی ٢٠٣٠ ساڵانە ٨ ملیۆن کەس لە جیھاندا بەھۆی جگەرەکێشانەوە بمرن و داوایەکی ئاراستەی وڵاتان کرد بۆ زیادکردنی باجی تایبەت بە بەرھەمھێنانی توتن و جگەرە.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بەرزکردنەوەی باجی تایبەت بە بەرھەمھێنانی جگەرە بە رێژەی ١٠% دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی جگەرەکێشەکان بە رێژەی ٤% لە وڵاتە پێشکەوتووەکان و ٨% لە وڵاتە ھەژارە دواکەوتووەکان، ھەروەھا زیادکردنی باجەکان بە رێژەی ٥٠% دەبێتە ھۆی پاشەکەوتکردنی ١ ملیارو ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کە دەکرێت لە بواری تەندورستیدا سوودیان لێ وەربگیرێت.
بەپێی لێکوڵینەوە تەندورستییەکان ھەر جگەرەیەک ٤٠٠٠ ماددەی زیان بەخش لە خۆدەگرێت‌و جگەرەش ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ توشبوون بە چەندین نەخۆشی کوشندەوە ، دیاردەی جگەرەکێشان بە شێوەیەکی بەرفراوان تەشەنەی کردووە بە تایبەت لە نێوگەنجاندا، زیانەکانی جگەرەش تەنھا جگەرە کێش ناگرێتەوە بەڵکو کاریگەری ترسناکی لەسەر کەسانی دەوروبەری جگەرە کێش ھەیە.