“پینەچی” پیشەیەک بەرەو لەناوچوون

یەکێک لەو پیشانەی کە کەم تا زۆر لەھەموو جیھاندا بوونی ھەیەو مانەوەی پەیوەندی با باری ئابوری وڵات و وداھاتی تاکەکەسەوە ھەیە، شاری سلێمانیش بەھەمان شێوە لەگەڵ گۆڕانکاری لەباری گوزەرانی خەڵک بەرەو بەرزبوونەوە ئەم پیشەیە بەرەو دابەزین دەڕوات.
سەرھەڵدانی کارەکە
بەھۆی کەمبونەوەی کاسبکارانی ئەو پیشەیە و کۆچی دوایی زۆربەی پیشەوەرە کۆنەکانی، مێژویەکی راستەقینە نییە بۆ زانینی سەرەتای سەرھەڵدانی کاری پینەچیەتی لەشاری سلێمانی، بەڵام مەلا جەلالی حاجی عەبدول کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٥ە ولە تەمەنی ٧ ساڵیەوە لەگەل حاجی عەبدولی باوکی سەرقاڵی کارەکەبوو دەڵێت: مێژوی سەرھەڵدانی ئەم کارە لەلایەن باوکم و ھاوڕێکانی زۆر جار لە دوکانەکەیدا باسی لێدەکراو دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵانی بیستەکان  و تەنانەت ھەندێ جار سەرھەڵدانەکەی دەگەڕێنرایەوە بۆ سەرەتای دروستبونی شاری سلێمانی، چونکە لەو سەردەمانە پیشەکە بە پێداویستییەکی ڕۆژانەی دانیشتوانی دادەنرا بەتایبەتی بەھۆی نەبوونی پێڵاوی ھاوردەکراو و دروستکردنی لەلایەن پیشەوەرانەوە.
پینەچییەکانی سلێمانی بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن
سامان سەعید لە دایکبوی ساڵی ١٩٧٦ و لەسەرەتای ساڵی ١٩٩١وە دەستیکردووە بە پیشەی پینەچێتی، دەڵێت: بەھۆی بەرزبوونی ئاستی داھاتی تاکەکەس لە شاری سلێمانی، ئەو کارە ڕوو لەنەمانە و پیشەوەرانی پینەچێتی لەئێستادا بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.
وتیشی: زۆربوونی ھاتنی کاڵای بیانی جۆراوجۆر کاریگەری خراپی کردۆتە سەر کارەکەمان و وەک جاران ھاوڵاتیان پێویستیان پێی نەماوە، کە لەچەندین سەرچاوە پیڵاو و جانتا دێتە شارەکەوەو نرخەکانی وایکردووە خەڵک پێویستیان بە چاککردنەوەی نەبێت.
کاسبکارانی پیشەکە
پیشەکە گۆڕانکاری بەسەردا ھات، سەرەتا بە پینەچییەتی و دواتر (کەوش دروو) و دواتر (دروستکردنی پێڵاو).
سەرەتا حاجی حەمەئەمین بازیانی و حاجی عەبدول و وەستا کامیل حەمەخان و وەستا بەکری عەبدەوڵڵا زوھدی و وەستا مەحمود ئیسماعیل سەرگەڵویی و چەند پیشەوەرێکی تر لەشاری سلێمانی سەرقاڵی کاری پینەچیەتی بوون و زۆربەیان بەدەست کاریان دەکرد بێ ئەوەی مەکینەو ئامێری تایبەتیان ھەبێت.
دواتر ژمارەیەکی زۆریان پێیان دەوتن کەوش دروو، ئەوانیش وەستا محێدین و وەستا عەلی خاڵە حسێن و عەبدولرەحمان فەقێ ئەحمەد بوون.
ئەم کارە ھاوتای کارەکانی تر لەشاری سلێمانی پەرەی پێدرا و چەند کاسبکارێک سەرقاڵی دروستکردنی پێڵاو بوون، وەک وەستا قادری قۆنەرەچی و وەستا ئەحمەدی حەمەسوور و وەستا بەکری قۆنەرەچی، کە لەگەڵ کاری پینەچیەتی بەچەند ئامێر و کەرەستی نوێ سەرقاڵی دروستکردنی پێڵاو بوون.
پێڵاو و جانتای ژنان و خوێنکاران زیاتر چاکدەکرێنەوە
مام خدر یەکێک لە پینەچییە  کۆنەکانی شاری سلێمانی دەڵێت: جاران ھەموو جۆرە پێڵاوو جانتایەک لەلایەن خاوەنەکانیانەوە دەھێنران بۆ چاککردنەوەیان، بەڵام لەئێستادا بەتایبەتی لەسەرەتای وەرزی خوێندندا تەنھا خوێندکارانن کە پێویستیان بە چاککردنەوەی  جانتایەو زیاتر کارەکان لەگۆڕینی زنجیردا خۆی دەبینێتەوە، ژنانیش بۆ چاککردنەوەی زنجیرو قۆڵفی جانتاکانیان بەھەمان شێوە رودەکەنە دوکانەکانمان.
وتیشی: پێڵاوی بن بەرزی ژنان زیاتر ڕووبەڕووی گرفت دەبێتەوە و زۆرجار لەناو بازاڕدا ئەو گرفتانە روودەدات، بۆیە ژنان بە پەلە روودەکەنە دوکانەکانمان بۆ ئەوەی بۆیان چاک بکەینەوە، ئەوش سەرچاوەیەکی بەردەوامە بۆ کارکردنمان.
پێڵاوی چینی وەک قاپی سەفەرییە
وەستا سامان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پێڵاوانەی زیاتر دەھێنرێن بۆ چاککردنەوە پێڵاوی جۆری باشن، چونکە خاوەنەکانیان زیاتر بەکاری دەھێنێن و تەنھا چەند گرفتێکی کەمیان دەبێت لە بزمار ڕێژکردن یان دورینەوەیان.
وتیشی: بەداخەوە ھەندێ لە بازرگانەکان پێڵاوی چینی دەھێنن کە زۆربەیان وەک قاپی سەفەری وایەو تەنھا بۆ یەکجار بەکاردێت، تەنانەت ئێمەش ناتوانین چاکیان بکەینەوە.
ئەو وەستایە ئاماژەی بەوەشکرد کە ھەندێ  کەس پێڵاوی ئەوروپیان ھەیە و چەرمەکانیان ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھاتووەو دەیانەوێ بنەکەی بگۆڕن، زیاتر روو دەکەنە پینەچییەکان.
بەرپرسان پێڵاوەکانیان دەنێرن
وەستا سامان دەڵێت: چەند بەرپرسێکی باڵا لەشاری سلێمانی کە ناوەکانیان ناھێنم، بەمەبەستی چاککردنەوەو قاڵب کردنیان رودەکەنە دوکانەکەمەوە.
 وتیشی زۆربەی پێڵاوی ئەو بەرپرسانە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆیان دێت و زۆرجار لەگەڵ قاڵبی قاچیان ناگونجێت، بۆیە لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە دەھێنرێن بۆ ئەوەی بەپێی داواکاری خۆیان بۆیان لەقاڵب بدەم.
ئەو وەستایە روونیشی کردەوە کە لەشاری سلێمانیدا ھەندێ ھاوڵاتی ھەیە باری داراییان لاوازە، بۆیە چەندین جار پێڵاوەکانیان دەھێنن بۆ چاککردنەوە.
دەڵێت: ھەندێ ھاوڵاتی ھەیە دوو یان سێ جار بە بەردەم دوکانەکەم ھاتوچۆ دەکەن و چاوەڕێ دەکەن چۆڵ بێت بۆ ئەوەی پێڵاوە دڕاوەکانیان بۆ چاکبکەمەوە .
یاریزانەکان و کەمئەندامان پێڵاوەکانیان چاکدەکەنەوە
مام خدر دەڵێت: پێڵاوی یاریکردن بەتازەیی لەلایەن یاریزانەکانەوە دەھێنرێن بۆ ئەوەی تەقەڵی لێ بدەین و دڵنیابن لە ھەڵنەوشانەوەی لەکاتی یاریکردندا بۆ ئەوەی ماوەیەکی زیاتر بەکاری بھێنن.
وتیشی: ئەو کەمئەندامانای کە جیاوازیان ھەیە لەدرێژی قاچەکانیان بەھەمان شێوە پێڵاوە نوێکانیان دەھێنن بۆ رێکخستنی بنەکانی لەگەڵ درێژی قاچیان.
کارەکە بەرەو نەمان دەچێت
ھەموو پیشەوەرانی ئەو کارە لەشاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەکەن کە کارەکەیان ڕۆژ لەدوای رۆژ بەرەو کزی دەچێت و دوکانەکان کەمدەبنەوە، تەنانەت ھەندێ لە خاوەن دوکانەکان ئامادە نین دوکانەکانیان بدەنە پینەچییەکان.
ساڵحی پینەچی لە گوزەرێکی شاری سلێمانی لە ئەسحابەسپی لەسەر شۆستەکان کارەکەی دەکات و دەڵێت: پێشتر ئەم گوزەرە تەنھا پینەچییەکان کاریان تێدا دەکرد، بەڵام دوای تێکدانی لەلایەن خاوەنەکەی، ئامادە نەبوو بیداتەوە بەپینەچییەکان بەھۆی کرێ زۆرەکەی کە لەگەڵ داھاتی پیشەکەمان ناگونجێت، بۆیە ناچار بووم لەو گوزەرە لەسەر شۆستەکان بەردەوامی بە کارەکەم بدەم.
ئەو پیشەوەرە وتیشی: زۆربەی ھاوڕێکانم بوونەتە پۆلیس یان شۆفێری تاکسی و ئەوانەی لەم کارە بەردەوامن لەشاری سلێمانی تەنھا بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.
فرۆشتنی پێداویستی پێڵاو
لەئێستادا لەشاری سلێمانی بەھۆی کەمی کاری پینەچێتی، زۆربەی ئەو پیشەوەرانە بۆ بژێوی ژیانیان لەگەڵ کارەکەیان پشت دەبەستن بە فڕۆشتنی پێداویستییەکانی پێڵاو وەک بۆیاخ، فڵچە، ناوکەف، قاڵبکردنی پێڵاوو کڵاش، قەیتان، بۆنبڕەی قاچ و چەند پێدوایستییەکی تر.
شوێنی کاری پینەچییەکانی شاری سلێمانی
بازاڕی نەورۆز کە بەبازاڕی حەوزە وشکەکە ناسراوە، شوێنکاری ھەموو پینەچییەکانی شاری سلێمانی بوو کە لە ئێستادا چەند پیشەوەرێک بەپەنجەی یەک دەست دەژمێردرێن لەم شوێنەدا ماونەتەوە بۆ ئەو کارە، ھەندێکیان بەھۆی فراوانبوونی شارەوە لەناو گەڕەکەکان بەردەوامن لە کارەکانیان.
 
SNN- پێشکەوت عەبدوڵڵا