یــــــــــۆنان وڵاتی گەشتیاری و كەرتی تایبەت

“یۆنان” دەكەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، پایتەختەكەی شاری ئەسینایە، لە باكورەوە هەریەكە لە وڵاتەكانی “بولگاریا و مەگدۆنیا و ئەلبانیا و توركیا” دراوسێیەتی و لە رۆژهەڵاتیشەوە دەریای ئیجە سنورەكانی پێكهێناوە، دەریای ئایۆنی و دەریای سپی ناوەڕاستیش سنورەكانی رۆژئاوا و باشوری پێكدەهێنن، یۆنان یەكێكە لەو وڵاتانەی بە شارستانی كۆن ناسراوە و شارەزایان بە شارستانیەتی رۆژئاوای ناو دەبەن.
یۆنان لە رووی جــــــــوگرافیاوە
رووبەری یۆنان 130 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و 9841 دورگەی تێدایە كە گەورەترینیان دورگەی “كریت”ە، یۆنان دەكەوێتە بەشی باشوری دورگەی بەلقان و 15 هەزار كیلۆمەتر سنوری ئاوی هەیە و 1160 كلیۆمەتریش سنوری وشكانی هەیە، هەروەها لە %80 ی خاكی ئەو وڵاتە بەرزایی و شاخاویە، بەرزترین وڵاتی ئەوروپایە لەئاست دەریا، سەرەكیترین زنجیرە چیاكانیشی ناوی ” بیندوس” ە كە بەرزترین ئاستی 2 هەزار و 646 مەتر بەرزە.
یۆنان لە رووی دانیشتوانەوە
زۆرینەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە یۆنانین، هەروەها 100 هەزار دانیشتووی ئەرمەنی هەیە كە لەناوچەكانی ناوەڕاستی یۆنان دەژین و 30 هەزار بولگاریش لە ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی یۆنان دەژین، ژمارەیەكی زۆریش توركی تێدایە كە 150 هەزار هاوڵاتی دەبن و لەناوچەی “تراقیا” كە دەكەوێت باشوری رۆژهەڵاتی یونان دەژین، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەكی كەم هاوڵاتی ئەلبانی لەو وڵاتە دەژین.
زمـــــانی وڵاتی یۆنان
زمانی فەرمی یۆنان “یۆنانی”یە كە مێژووی بەكارهێنانی بۆ 3 هەزار و 500 ساڵ دەگەڕێتەوە و زۆرینەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بە یۆنانی قسە دەكەن، هەروەها لە جیهاندا نزیكەی 15 ملیۆن كەس ئەو زمانە بەكاردەهێنن كە زۆرینەیان لە یۆنان دەژین.
ئـــــاین لە یۆناندا
زۆرینەی دانیشتوانی یۆنان مەسیحین و %98 ی دانیشتوانی “مەسیحی ئەرسۆزكسی” ن، بەڵام دەستوری یۆنانی هیچ ئاینێكی نەكردووە بە ئاینی فەرمی یۆنان و هاوڵاتیان ئازادن چ ئاینێك پەیڕەو دەكەن، 1.3 % ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە موسوڵمانن و زۆرینەی ئەو موسوڵمانانە بە رەگەز توركی و بولگارین، سەرەڕای ئەوەی نزیكە 1 ملیۆن كرێكاری عەرەبی لە “ئەسینا”ی پایتەختی ئەو وڵاتە نیشتەجێن كە موسوڵمانن، بەڵام هیچ مزگەوتێك لە پایتەختی ئەو وڵاتە نیە و حكومەت رەتی دەكاتەوە هیچ مزگەوتێك لە ئەسینا دروست بكرێت.
ئابوری یۆنان
یۆنان وەك و یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپی “یۆرۆ” بەكاردەهێنێت، ئابوری یۆنان پشت بە سەرمایەداری و كەرتی تایبەت دەبەستێت كە نیوەی ئابوری ئەو وڵاتە دابین دەكەن، هەروەها كەرتی گەشتیاری رۆڵێكی گرنگی لە ئابوری یۆناندا هەیە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی گواستنەوەی دەریایی رۆڵی گرنگی لە ئابوری یۆناندا هەیە و گەورەترین وڵاتی جیهانە لە بوونی حاویە و سێەم وڵاتە لە زۆری ژمارەی كەشتیەكانی گواستنەوە .
سیاسیەتی یۆنان
یۆنان وڵاتێكی كۆماریە و پێی دەستور بەڕێوەدەبرێت، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە هەموو پێنج ساڵ جارێك بە هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ و لەلایەن ئەنجومەنی كۆماریەوە كە لە سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هەموو كوتلەكانی ناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، دەسەڵاتی جێبەجێ‌ كردن لەلایەن سەرۆك وەزیرانی و ئەنجومەنەكەیەوە بەڕێوەدەبرێت، هەروەها دەسەڵاتی یاسادانان لە رێگەی پەرلەمانەوەیە كە 300 ئەندامی هەیە و راستەخۆ هەموو 4 ساڵ جارێك لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێن.
لە گرنگترین شارەكانی یۆنان
 ئەسینا “پایتەخت” ــ سالۆنیك ــ بیرایۆس ــ باترای ــ بیریستریۆن ــ ئیراكلیۆن 
ئەمەس سەرەڕای ئەوەی چەندین هەرێم لەناو یۆناندا هەیە وەك و هەرێمەكانی ” ئەتیكا ــ ناوەڕاستی یۆنان ــ مەگدۆنیای ناوەڕاست  ــ كریت ــ مەگدۆنیای رۆژهەڵات و تراكیا ــ ئیبیرۆس ــ جزیرەی ئایۆنی ــ باكوری ئیجە ــ بیلۆبۆنیز ــ سیسالیا ــ رۆژئاوای یۆنان ــ مەگدۆنیای رۆژئاوا ــ باشوری ئیجە “.