قائیمقامی سلێمانى داوادەکات کوالیتی کارگەکان بەرزبن

بەمەبەستى زیاتر بەرزکردنەوەى جۆرى هەموو کەرەستەو مەوادەکانى بیناسازى کە لە سنورى پارێزگاى سلێمانیدا بەرهەمدەهێندرێت لەلایەن دامەزراوەکانى حکومەتەوە هەنگاوى پێویست دەنرێت و قائیمقامیەتى سلێمانیش بڕیاردەدات لەمەودوا چاودێری زیاترى ئەو مەوادانە بکرێت و هەروەها بۆ بەرزکردنەوەى کوالیتى کەرەستەکانیش هاریکارى پێویست پێشکەش بە خاوەنى هەموو کارگەو کەسارەکان بکرێت ،
 
 لە دیوانى قائیمقامیەتى سلێمانى ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى  بەئامادەبونى بەڕێوەبەرى فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنى کەسارەو کارگەکانى کۆنکرێتى ئامادەکراودا کۆبوویەوە ، لە کۆبوونەوەکەدا قائیمقامى سلێمانى رایگەیاند لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندى گشتى و رێگرى کردن لە کارەساتى دڵتەزێن بڕیاریانداوە کە هەنگاوى پێویست بنێن بۆ بەرزکردنەوەى جۆرى هەموو مەوادو کەرەستەکانى بیناسازى و بۆ ئەمەش دەیانەوێت رێگەچارەیەکى نوێ بگرنە بەر کە تێدا بەرژەوەندى گشتى لە بەرچاو بگرێت ، 
 پاشان خاوەنى کارگەکان باسیان لەو گرفت و ئاستەنگانە کرد کە دێتە بەردەم کارکردنیان و رایانگەیاند لەگەڵ ئەوەن ئەو مەوادانەى کە بەرهەمدەهێندرێت لە رووى جۆرییەوە لە ئاستێکى باشدا بن ، بەڵام بۆ ئەمەش پێویستە ئەو گرفت و ئاستەنگانەیان بۆ چارەسەر بکرێت کە دێتە بەردەم کارکردنیان ، دواتر بڕیاردرا بۆ چارەسەر کردنى گرفتەکان و هەروەها دۆزینەوەى خاڵى هاوبەش لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت و خاوەنى کارگەکان لە زووترین کاتدا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پارێزگاى سلێمانیدا سازبکرێت و بەبەشدارى هەموان بڕیارى پێویست لەسەر  شێوازى کارکردنى هەموو کەسارەو کارگەکانى کۆنکرێتى ئامادەکراو بدرێت.
 
ز.ر