هەژاری راهێنەرێکی تیپی نەتەوەیی ئێران دەكاتە بەنزین فرۆش

راهێنەری تیپی نەتەوەیی “کریکێت”ی لاوانی ئێران، بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە بەمەبەستی دابینکردنی بژێوی ژیان، لەسەر شەقامەکان بەنزین دەفرۆشێت.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی “ئێران وایر”، محەممەد یوسفی‌رەئیسی راهێنەری یانەی نەتەوەیی “کریکێت”ی نەتەوەیی لاوانی ئێران و کاپیتنی پێشووی یانەی نەتەوەیی گەورەساڵانی ئەو وڵاتە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی، لەسەر شەقامەکانی سیستان و بەلوچێستان بەنزین دەفرۆشێت.
محەممەد یوسفی لەماوەی ژیانی وەرزشی خۆیدا چەندین نازناوی گرنگی لەئاستی ئێران و ئاسیا بەدەستهێناوە. ناوبراو لەساڵی 2011 توانیویەتی کە بڕوانامەی ناوبژیوانی پلە یەکی لەئاستی جیهاندا بەدەستبێنێت.
هەواڵدەرییە فەرمییەکانی ئێران ساڵی 2011 رایانگەیاندبوو کە محەممەد یوسفی تەنیا ناوبژیوانی پلە یەکی ئێرانە لە بواری وەرزشی کریکێتدا.
پارێزگای سیستان و بەلووچێستان کەیەکێک لەهەژارترین پارێزگاکانی ئێرانە، بە رێژەی زیاتر لە 2 و نیوملیۆن کەسەوە لەباشووری رۆژهەڵاتی ئێران و هاوسنوور لەگەڵ وڵاتانی پاکیستان و ئەفغانستان هەڵکەوتووە.
زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئەو پارێزگایە لە دوو نەتەوەی سیستانی و بەلووچن و پەیڕەوی ئایینی سوننەن.