توركیا،وڵاتی پیشەسازی و كشتوكاڵ

توركیا، دەوڵەتێكی عیلمانی دیموكراتی، كۆماری دەستوریە، ناوی فەرمی وڵاتی توركیا “كۆماری توركیا” و یەكێكە لە دەوڵەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە باكورەوە دەریای رەش و وڵاتی جۆرجیا هاوسنوریەتی، لە رۆژهەتیشەوە ئەرمینیا و ئێران و لە باشوریشەوە عیراق و سوریا و دەریای ناوەڕاست و سنوری ئاوی لەگەڵ وڵاتی قوبرسدا هەیە، لە خۆرئاواشەوە سنوری بە دەریای ئیجە و یۆنان و بولگاریا دەورە دراوە.

دانیشتوان
بەپێی دواین سەرژمێری كە كە ساڵی 2007 دا كراوە، ژمارەی دانیشتوانی توركیا 70,586,256 كەسە، بەڵام لە ئێستادا بە نزیكەی 74 ملیۆن و 700 هەزار كەس مەزەندە دەكرێت، كە لە چوار بەش 3 بەشی شارنشینە، بەپێی شارەزایانی ئەو وڵاتە، ساڵانە 1.5% ی دانیشتوان زیاد دەكات، دابەشبوونی دانیشتوانی بەپێی رووبەر بۆ هەر كیلۆمەرتێك چوار گۆشە، 92 كەسە.

زمان
زمانی توركی زمانی فەرمی زۆرینەی دانیشتوانی توركیایە، بەپێی دواین زانیاریەكان  70-75% ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بە توركی قسە دەكەن و %18 ی دانیشتوانیش بە زمانی كوردی قسە دەكەن، پێشتر و لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی ، ئەلف و بێی عوسمانی بەكاردەهێنرا، هەروەها زمانەكانی ” عەرەبی و بۆسنەیی و شەركسی” یش لەلایەن بەشێكی دانیشتوانی ئەو وڵاتەوە بەكار دەهێنرێت.

ئـــاین
وڵاتی توركیا، دەوڵەتێكی علمانیە و دەوڵەت ئاینی فەرمی نیە، دانیشتوانەكەی ئازادن چ ئاینێك پەیڕەو دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی دانیشتوانكەی لەسەر ئاینی ئیسلامن و پەیڕەوانی ئەو ئاینە %98 ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێكدەهێنن، هەروەها لە سەدا 85 بۆ 90 لەسەر مەزهەبی سونەن و %10 بۆ 15 ی لەسەر مەزهەبی شیعەن، هەروەها پەیڕەوكەرانی ئاینەكانی ” مەسیحی و یەهودی” یش رێژەیەكی زۆر كەمی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێكدەهێنن.

جوگرافیا
شوێنی وڵاتی توركیا، ستراتیژیە و دەكەوێتە نێوان هەردوو كیشوەری ئاسیا و ئەوروپا و هەردوو كیشوەرەكە لە توركیا جیادەبنەوە،  %97 ی ئەو وڵاتە سەر بە كیشوەری ئاسیایە و تەنها %3 ی سەر بە كیشوەری ئەوروپایە، درێژی رووبەرەكەی 1600 كلیۆمەتر و پانیەكەی 800 كیلۆمەترە، لە سێ لاوە بە رووبار دەورەدراوە، لە رۆژئاواوە بە بەحری ئیجە و لە باكورەوە بە دەریای رەش و لە باشوریشەوە دەریای سپی ناوەڕاست دەوری داوە، هەروەها لە باكوری خۆرئاواشەوە، دەریای مەرمەر سنوری ئەو وڵاتەی پێكهێناوە.

ئــــابوری
لە رووی ئابوریەوە توركیا بەسەر دوو ناوچەدا دابەش دەبێت، رۆژئاوای توركیا كە ناوچەیەكی پیشەسازیە و رۆژهەڵات كە ناوچەیەكی كشتوكاڵیە،  كەرتی كشتوكاڵ لە رووی دابینكردنی كارەوە بۆ هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بە گەورەترین و گرنگترین كەرت هەژمار دەكریێت  وئەو كەرتە %40 ی دەستی كاری ئەو وڵاتەیە.

لە گرنگترین پیشەسازیەكانی توركیا بریتین لە بەرهەمەكانی، چنین و بەرهەمی خواردن و خواردنەوە و ئۆتۆمبێل و كارەباییات و بەرهەمی مادە كیمیاییەكان.

گەشتوگوزار یەكێكی ترە لەو كۆڵەكە سەرەكیانەی توركیا پشتی پێدەبەستێت،  ئەو وڵاتە بە سروشتە جوانەكەی  و بوونی رووبەری ئاوی و چەندین ناوچەی گەشتیاری بەناوبانگە، بەو هۆیەوە ژمارەرەیەكی زۆر گەشتیار روو لەو وڵاتە دەكات، ئابوری ناسانی توركیا پێشتر بڵاویانكردبووەوە كە تەنها لە ساڵی 2008 دا 30,929,192 گەشتیار روویان لەو وڵاتە كردووە و داهاتەكەشی 21 ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری ئەمریكی بووە.

سیاسەتی توركیا
توركیا وڵاتێكی دیموكراتی پەرلەمانیە، لە ساڵی 1923 ەوە وەكو وڵاتێكی كۆماری دامەزرێنرا و دەستوور حكومی وڵات دەكات و هەموو بنەماكانی وڵاتی دیاریكردووە، هەروەها توركیای وەك و دەوڵەتێكی ناوەندی یەكگرتوو پێناسە كردووە.
سەرۆك كۆمار، سەرۆكی وڵاتەو هەموو پێنج ساڵ جارێك لە رێگەی هەڵبژاردنی راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێت، هەروەها دەسەڵاتی جێبەجێ‌ كردن لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنەكە خۆیەوە پەیڕەو دەكرێت و دەسەڵاتی یاسادانانیش لەلایەن پەرلەمانەوە پەیڕەو دەكرێت.

مێژووی توركیا
توركیا ناوەندی دەسەڵاتی دەوڵەتی عورسمانی بوو، تا لە ساڵی 1922 دا “مستەفا كەمال ئەتاتورك” كۆتا سوڵتانی عوسمانی “محەمەدی شەشەم”ی لابرد و كۆتایی بە دەسەڵاتی سوڵتانی هێنا و لە ساڵی 1923 دا كۆماری توركیای راگەیاند و خۆی سەرۆكایەتی كۆمارەكەی گرتە دەست تا ساڵی 1938 كۆچی دوایی كرد.
لە شەڕی جیهانی دووەمدا وەكو نیاز پاكی، لە ساڵی 1945 دا توركیا پەیوەندی كرد بە هاوپەیمانانەوە ، هەر لەو ساڵەدا بووە ئەندامی نەتەوە یەگگرتووەكان، لە ساڵی 1945 دا كۆتایی بە دەسەڵاتی تاك حزبی هێنرا و بووە وڵاتێكی دیموكراتی فرەیی.
لە ساڵەكانی 1960 و 1971 و 1980و 1997 چەندین كۆدەتای سەربازی لەو وڵاتە سەریهەڵداوە و بەو هۆیەوە دیموكراتیەت لە توركیا شتێك نەبووە جێی باس بێت، لە ساڵی 1950 دا “عیسمەت ئینونو” دەسەڵاتی مەدەنی بەسەر وڵاتدا زاڵ كرد تا ساڵی 1973، بەڵام لەو ساڵەدا جارێكی تر دەسەڵاتی سەربازی هاتەوە سەر حوكم و كەشێكی نا ئارامی لە توركیا دروستكرد، تا لە ساڵی 1993 ” تانسۆ چیلەر” وەك و یەكەم سەرۆك وەزیرانی توركیا دیاریكرا و لەو كاتەوە ئەو وڵاتە لە بواری سیاسی و ئابوریدا سەقامگیری بەخۆیەوە بینی.