ئیدارەی راپەڕین لە بڕگەكانی بەنێودەوڵەتیبونی مەرزی كێلێ‌ دەكۆڵێتەوە

لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ بە نێودەوڵتكردنی مەرزی كێلێ‌ و كردنەوەی بەشێوەیەكی رەسمی،سەرپەرشتیار و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین لەگەڵ لیژنەی پەیوەنداری كاركردن لەجێبەجێكردنی بڕگەكانی مەرزەكە كۆبونەوە.

عومەر حاجی، وتەبێژی ئیدارەی راپەڕین بە پەیامنێری راگەیاندوە، لەمیانی ئەو كۆبونەوەیەدا كە لەگەڵ لیژنەی جێبەجێكردنی بڕگەكانی مەرزی كیڵێ‌ كە پێكهاتون لە (بەرێوەبەری گومرگی راپەرین و بەرێوەبەری گواستنەوەو گەیاندن و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حكومی ناوچەكە) بەڕێوەچوو،

 

سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین تیشكی خستەسەر هەوڵەكانی بە نێودەولەَتی كردنی مەرزی كێلێ‌ بەوەی كە بەهۆی گەشەكردنی سنورەكەمان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و ئەو پێگە جوگرافی و ئابووریەی ناوچەكەمان هەیەتی هەموو ئەمانەو چەندین خەسڵەتی تری تایبەت بە كردنەوەی بە نێودەوڵتی كردنی مەرزی كێلێ‌ وای كردووە پێویستیەكی هەنووكەیی بێت بۆ بەنێودەوڵەتی كردنی و كردنەوەی مەرزی كێلێ‌.

 

وتیشی، لەم چوارچێوەیەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین جەختی لەوە كردەوە كە تەواوی هەوڵەكانیان  خستۆتەگەرو لە داهاتوویەكی نزیكدا هەوڵەكان دەگەنە ئەنجام.

 

راشیگەیاند كە لەو كۆبوونەوە جەخت كرایەوە لەسەر كردنەوەی چەندین بەرێوەبەرایەتی و كردنەوەی بنكەیەكی هاتووچۆو گواستنەوەی ئیقامەو دانانی لە مەرزەكە ئەمە سەرەرای دانانی چەندین كابینە بۆ جێ‌ بەجێ‌ كردنی كاروبارەكان تا كاتێك كە دەتوانرێت بینایەكی شایستە بە مەرزەكە دروست بكرێت.

 

باسی لەوەشكرد كە دانانی قەپان و هەوڵەكان بۆ دابینكردنی رێگای مەرزەكە هەموو ئەمانەو چەندین پرسی تایبەت بە كردنەوەی مەرزەكە لە لایەن ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە باسی لێوەكرا, جەختیش كرایەوە كە پێویستە هەوڵەكان زیاتر چڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی لەلایەن حكومەتی بەغداوە پەلە بكرێت بە نێودەوڵتی كردنی مەرزی كێلێ‌.