ساڵانە زیاتر لە 15 ملیۆن تەن چیمەنتۆ لە عێراق بەرهەم دێت

كۆنفرانسی چیمەنتۆ لە سلێمانی بەڕێوەچوو لەژێر دروشمی پێكەوە عێراقی فیدراڵ بونیاد دەنێین ،كۆنفرانسی دووەمی چیمەنتۆ بۆ كەرتی تایبەت و گشتی لەعێراق و هەرێمی كوردستان بەڕیچوە دەچێت.
لەهۆڵی  هۆتێل گرانت میلینیەم شاری جوان لە شاری سلێمانی 26/3/2014 بەبەشداری زۆرێك لە خاوەن كارگەكانی چیمەنتۆ و بازرگانان كۆنفرانسی تایبەت بە چیمەنتۆ بەڕێوەچوو بە بڕیارە دوو ڕۆژ بخایەنێت.
 
سیروان محەمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە بارەی كۆنفرانسەكەوە ڕایگەیاند :ئەم كۆنفرانسە بۆ شاری سلێمانی زۆرگرنگە لە بەرئەوەی شاری سلێمانی لە ڕوی بەرهەم هێنانی چیمەنتۆوە زۆر پێشكەوتووە.
وتیشی لە عێراقدا 15 ملیۆن و 500 هەزار تەنە لە ساڵێكدا كە بەتەنها لە سلێمانیدا 13 ملیۆن تەنە لە ساڵێكدا كە ئەمەش ڕێژەیەكی گەورەیە بۆ سلێمانی و لە 80% ڕێژەی بەرهەم هێنانی عێراق پێك دێنێت كە ئەمەش دوای ئەوەدێت كە حكومەتی هەرێم بڕیاریدا یارمەتی كەرتی تایبەت بدات.
 
سەبارەت بەچیمەنتۆی ووڵاتانی توركیا و ئێران كە دێتە كوردستان وتی داوادەكرێت كە حكومەت ڕێژەی هاوردەكرن كەم بكاتەوە بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆی زیادبكات و لە ئێستاشدا بەرهەمی ناوخۆی زیادی كردووە. 
لە كۆنفراسەكەدا پارێزگاری سلێمانی وتارێكی پێشكەشكردو رایگەیاند: بەپێی ئاماری ساڵی 1991 ،تەنیا 6% ی پیشەسازی عیراقی لە هەرسێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بووە،  بەڵام ئێستا بەپێی ئاماری وەزارەتی پلان دانان و پیشەسازی عیراق، 49%ی پیشەسازی عیراق لە هەرێمی كوردستانەو  پارێزگای سلێمانیش لەم بوارەدا پێشەنگەو 30%ی پیشەسازی عیراق لە سلێمانییە.
وتیشی:” لە ئێستادا سێ‌ كارگەی گەورەی پیشەسازی چیمەنتۆ لە سلێمانی لە بەرهەمهێناندان، كە بریتین لە كارگەكانی ( تاسلوجە، ماس، بازیان)  بەرهەمی ئەم كارگانە  لە رۆژێكدا( 19200) تەن چیمەنتۆیە، و نزیكەی( 2 )هەزار كەسیش لەم سێ‌ كارگەیەدا هەلی كاریان بۆ رەخساوە.
بەگشتی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە سلێمانی مۆڵەت دراوە بە(11 )كۆمپانیا بۆ دامەزراندنی كارگەی پیشەسازی چیمەنتۆ، ژمارەیەك لەو كارگانە تەواو بوون و ژمارەیەكی تریشیان لە بواری جێ‌ بەجێ‌ كردندان.
ئەم گەشەكردنە لە كاتێكدایە ساڵی 1991 تەنیا 2 كارگە لە سلێمانی هەبوون و بەرهەمیان لە 2هەزار تەن تێ‌ پەڕ نەدەبوو.”
پارێزگاری سلێمانی تەئكیدی لە هەوڵەكانیان كردووە بۆ گەشەپێدانی زیاتری كەرتی پیشەسازی لە شاری سلێمانی و لەو رووەشەوە لە وتارەكەیدا پارێزگار ئاماژەی بۆ دروستكردنی شاری پیشەسازی عەربەت و شاری 2020ی سلێمانی كرد كە تەرخان دەكرێن بۆ پیشەسازی قورس و مامناوەند.
پارێزگاری سلێمانی، لەبارەی پاراستنی ژینگەشەوە رایگەیاند” نابێت لەبەرخاتری بوارێك ئەو سەروەتە نەتەوەیە لە دەست بدەین”
پارێزگار لەو رووەوە وتی:” لەروانگەی ئێمەوە پاراستنی ژینگە پارسەنگی هاوكێشەی گەشەپێدانی پیشەسازییە، بۆیە ئێمە هاوكاتی هەوڵەكانمان بۆ گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی چاومان لەسەر پاراستنی ژینگەی وڵاتەكەشمانە، ژینگەی وڵاتەكەمان بە سەروەتێكی گرنگی نەتەوەی دەزانین و نامانەوێت لە بەرخاتری گەشەپێدانی كەرتێك ئەو سەروەتە گرنگە لە دەست بدەین، بۆیە پلانەكەمان ئەوەیە هاوسەنگی ژینگە و پیشەسازی بە باشی رابگرین ، میكانیزمەكەشمان بەو جۆرەبووە : دانانی فلتەری پێشكەوتوو بۆ فلتەركردنی گازە زیان بەخش و دوكەڵ و تۆزی كارگەكان و زیاتركردنی رووبەری سەوزای لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بكەینە مەرجی پێدانی مۆڵەتەكان.”
لەبەشێكی تری وتەكانیدا پارێزگاری سلێمانی هانی وەبەرهێنەرانی دا بێنە سلێمانی و كاری وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بكەن و لەو رووەشەوە دەرفەتەكەی بە گونجاو وەسف كردوو هاوكاری و پشتیوانی بۆ دووپات كردنەوە
دووەم كۆنگرەی پیشەسازی چیمەنتۆی عیراق، بەدروشمی ( پێكەوە بۆ بنیاتنانی عیراق) و بەچاودێری وەزیری پیشەسازی و كانزاكانی عیراق و لەلایەن كۆمپانیای گشتی چیمەنتۆی عیراق بەرێوەدەچێت و كۆنگرەكە دوو رۆژ دەخایەنێت.
ئامانجی كۆنگرەكەش  لێكۆڵینەوە و شرۆڤەكردنی واقیعی پیشەسازی چیمەنتۆ لە عیراق  و داهاتووی ئەو پیشەسازییە ستراتیژییە و، رێگرییەكانی بەردەمی و كاریگەرییەكانی بەرهەمی هاوردەییە لەسەری .و لە شەش تەوەردا ئامانجەكانی كۆنگرەكە گفتۆگۆیان لەسەر دەكرێت