سەرمایەدارانی کوردستان سەرمایەکانیان دەبەنە دەرەوە

بەشێک لە سەرمایەدارانی هەرێمی کوردسان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەوروپی کارگە دەکەنەوە و سەرمایەکانیان دەبەنە دەرەوە. 
یاسین مەحمود وتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند زانیاریی وردیان لە بەردەستە کە هەندێک لە سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان، کارگەیان لە تورکیا و ئێران و دوبەی و بەریتانیا کردووەتەوە و پرۆژەی تایبەتیان هەیە.
گوتیشی: ئەوەی ئەو سەرمایەدارانە دەیکەن، کارێکی زۆر خراپە و دەبێت حکوومەتیش لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکات. 
بەڵام گوتیشی: تا ئێستە یاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیمان نییە، بۆیە بەشێک لە سەرمایەدارانی ناوخۆ، ناوێرن کارگە لە ناوخۆ بکەنەوە.
یاسین مەحمود ئاشکراشی کرد بۆیان دەرکەوتووە زیاتر لە 50 وەبەرهێنەر سەرمایە و کارگەیەیان لە دەرەوەی کوردستانە و چەندینن تریش پرۆژەی جیاجیایان هەیە، ناوی ئەو وەبەرهێنەرانەشی لە لا بوو، بەڵام، ئامادە نەبوو ئاشکرا یان بکات، تەنها گوتی بەشی زۆریان خەڵکی سلێمانین.
وتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان، نموونە بە سەرمایەدارێکی نزیکی خۆی دەهێنێتەوە و دەڵێ: ئەو کارەگەی بەهەمهێنانی ئەلەمنیوم و پی فی سیی لە ئێران کردووەتەوە. سەرمایەدارێکی تر لە بەریتانیا پرۆژەی بیناسازیی هەیە.
هەندێک لە سەرمایەدارانی خۆماڵی، سەرمایەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لەنێو بازرگانییە نەوەک دروستکردنی کارگە و پرۆژەی ژێرخانی ئابووری، بەپێی  ئاماری دەستەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2006  تاوەکو 2014 لە  کۆی  634 پرۆژەی وەبەرهێنان تەنها 154 پرۆژەی پیشەسازی و 23 کشتوکاڵی هەبووە، ئەوانی تر هەمووی پرۆژەی بازرگانی و قازانجی خێران.
 یاسین مەحمود گوتی: ئەوش هۆکاری خۆی هەیە، بە تایبەت دەرنەکردنی چەندین یاسای پێویست لە پەرلەمانی کوردستان وەکو یاسای کار و پارستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و یاسای کۆمپانیاکان و هەموارنەکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان.
لە هەرێمی  کوردستان 11 ملیاردێر و 110 هەزار ملیۆنێر هەن، بەشێک لەوانە کارگە و سەرمایەیان لە دەرەوە هەیە.
 ئەو بەرپرسەی یەکێتیی وەبەرهێنەران گوتیشی: پێویستە حکوومەت گومرگ لەسەر ئەو بەرهەمە بیانیانە دابنێت کە لە ناوخۆ بەرهەم دەهێندرێن، وەکو چیمەنتۆ و ئاوی کانزایی و بەرهەمی تر.
دڵزار ئیسماعیل بەرێوەبەری گشتیس تۆماری کۆمپانیاکان، لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەوەی دووپات کردەوە کە هەندێک لە سەرمایەدارانی خۆماڵی سەرمایەکانیان لە دەرەوەیە.
گوتیشی: بازرگانیکردن لەگەڵ دەرەوە ئاساییە، بەڵام دەبێ ژێرخانی ئابووریی خۆمان بەهێز بکەین، بەتایبەت لە کردنەوەی کارگەی پیشەسازیدا.
ئاماژەی بەوەش دا کە لە رووی بازرگانیکردنەوە، هەرێمی کوردستان باشە، بەڵام کێشەکە نەبوونی کارگەی خۆماڵییە، دەبێ سەرمایەی خۆمان لە کردنەوەی کارگەی خۆماڵی وەگەڕ بخەین.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پیشەسازی، لە کۆی 4 هەزار کارگە، زیاتر لە 2 هەزار کارگە لە هەرێمی کوردستان لە کار کەوتوون و داخراون. لە پارێزگای سلێمانی لە کۆی 750 کارگە تەنها 190 کارگە کار دەکەن.