لێکۆڵینەوە لە دوو سکاڵای تورکیا دژی ئێران

دیوانی دادگای نێودەوڵەتی دەستی بە لێکۆڵینەوە لە دوو سکاڵای تورکیا دژی ئێران کرد سەبارەت بە کڕینی گازی سروشتی لەو وڵاتە.
تورکیا بە هۆی ئەوەی کە پێی وایە کەمتر لەو بڕە گازەی بۆ هەناردە کراوە کە پێشتر لەگەڵ ئێران لەسەری رێککەوتبون داوای دوو ملیار دۆلار قەرەبوو دەکات.
یەکێک لەم سکاڵایانە سەبارەت بە گرانیی نرخی ئەو گازەیە کە ئێران هەناردەی تورکیای دەکات و تورکیا پێی وایە هەمان وزە لە وڵاتانی رووسیا و ئازەربایجان بە نرخێکی زۆر هەرزانتر هاوردە دەکات.
سکاڵای دووهەم سەبارەت بە کەمبوونەوەی بڕی گازی هەنارەکراو لە ئێرانەوەیە بەرەو تورکیا و هەر وەک لە سکاڵاکەدا هاتووە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا ئێران ٢٥% کەمتر لەو بڕەی ناردووە کە پێشتر لەسەری رێککەوتووە.
لەگەڵ دەستپێکردنی وەزری سەرما لەمساڵدا ئێران جگەلەوەی کە ئاستی بەرهەمهێنانی گازەکەی دابەزیوە لەهەمان کاتدا رێژەی بەکاربردنی گاز لە ناوخۆی وڵات بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە ئەمەش کاریگەری هەبووە لەوەی رێژەیەکی کەمتر گاز هەناردە بکات.
رێکککەوتننامەی نێوان ئەنکەرە و تاران لەساڵی ١٩٩٦ بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ واژوو کراوە. بەگوێرەی ئەم رێککەوتننامەیە ئێران بەڵێنی داوە لەساڵدا ١٠ ملیار مەتر سێجا گاز (رۆژانە نزیکەی ٢٨ ملیۆن مەتر سێجا گاز) هەناردەی تورکیا بکات.
دوو مانگ لەمەوبەر تانەر یەڵدز وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند کە ئاستی هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ وڵاتەکەی لە ٢٨ ملیۆن مەتری سێجاوە بۆ ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا دابەزیوە.
بەگوێرەی رێککەوتنێک کە لە سەفەری ئەم دواییەی وەزیری وزەی تورکیا بۆ تاران ئەنجام درا تورکیا رەزامەندی پێشان دا ئەگەر ئێران نرخی گازەکەی دابەزێنێت ئەوا ئامادەیە بەڕادەی دوو هێندە گازی لێبکڕێت.
عەلی ماجیدی جێگری وەزیری نەوتی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتی و بازرگانی یەکێک لە مەرجەکانی دابەزینی نرخی گازی وڵاتەکەی بە دابەزینی ئابلووقەکان بۆسەر وڵاتەکەی و راکێشانی سەرمایە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی گازی وڵاتەکەی بەستۆتەوە. ئەو پێشبینی کردووە لەساڵی ٢٠١٥ تا ساڵی ٢٠١٨ بتوانن بڕی گازی زیاتر بۆ تورکیا هەناردە بکەن.
لەوکاتەوە کە لە سووریا جەنگی ناوخۆیی دەستی پێکردووە پێوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا کاڵ بۆتەوە چونکە تورکیا پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆن و ئێرانیش پشتیوانی لە حکومەت دەکات.
دوای بەدەسەڵات گەیشتنی حەسەن روحانی سەرکۆماری نوێی ئێران پێوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە باشتر بووە.
ئەم سکاڵایە نوێیەی تورکیا لە کاتێک دایە کە لەساڵی ٢٠٠٥یش تورکیا سەبارەت بە گرانیی نرخی گازی ئێران سکاڵایەکی بەرز کردبۆوە و توانی دادگا رازی بکات لە کەمکردنەوەی نرخی گازی هەناردەکراوی ئێران بۆ وڵات.
وەزیری وزەی تورکیا هەفتەی رابردوو بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند کە ٩٩% دڵنیایە کە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی لە قازانجی تورکیا دەردەچێت و ئێران ناچار دەکرێت بڕی دوو ملیار دۆلار وەکوو قەرەبوو بداتە تورکیا.
لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکانی تورکیا لە دیوانی دادگای نێودەوڵەتی لە ئیسلام ئابادی پاکستان ئەنجام دەدرێت و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بڵاو نەکراوەتەوە.
net tv