به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌كه‌ی‌ سۆنی‌

ڕۆژ له‌دوای‌ ڕۆژ بواری‌ دروستكردنی‌ ئامێری‌ ئه‌لیكترۆنی‌ له‌پێشكه‌وتندایه‌، بڕیاریشه‌ له‌م مانگه‌دا كۆمپانیای‌ سۆنی‌ ژاپۆنی‌، تابلێتێكی‌ نوێ به‌ناوی‌ (ئێكس پێرییا زێد 2)  بخاته‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهانه‌وه‌.
سایتی‌ (gsmarc) بڵاویكرده‌وه‌، كۆمپانیای‌ سۆنی‌ تابلێتێكی‌ نوێی‌ به‌ناوی‌ (ئێكس پێرییا زێد 2) به‌چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی‌ پێشكه‌وتوو دروستكردوه‌، له‌وانه‌ قه‌باره‌ی‌ شاشه‌كه‌ی‌ (10.1) ئینجه‌‌و به‌كوالێتی‌ (1200 × 1920) پێكسڵه‌، خێرایی‌ پرۆسێسه‌ره‌كه‌شی‌ (2.3) گێگاهێرتزه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ میمۆرییه‌كه‌ی‌ (16) گێگابایته‌‌و ده‌توانرێت میمۆری‌ ده‌ره‌كیشی‌ بۆ دابنرێت.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كامێرای‌ پشته‌وه‌ی‌ تابلێته‌كه‌ هه‌شت مێگاپێكسڵه‌‌و ڕامه‌كه‌شی‌ سێ‌ گێگایه‌، به‌سیستمی‌ ئه‌ندرۆید (4.4) كارده‌كات، له‌گه‌ڵ چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی‌ پێشكه‌وتوی‌ دیكه‌.
ڕونیشكراوه‌ته‌وه‌، بڕیاره‌ سۆنی‌ له‌م مانگه‌دا، له‌پێشانگه‌ی‌ (MWC )دا كه‌ له‌شاری‌ به‌رشه‌لۆنه‌ی‌ ئیسپانیا سازده‌كرێت،  تابلێته‌ نوێیه‌كه‌ی‌ بخاته‌ڕوو.