بازرگانانی عێراق، پشت بەمەرزەكانی سلێمانی دەبەستن

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەینێت، بەهۆی رێكخستنی باش و جێ‌ بەجێ‌ كردنی یاساكانەوە، بازرگانانی ناوەراست و خواروی عیراق، زیاتر پشت بە خاڵە سنورییەكانی سلێمانی و كۆماری ئیسلامی ئێران دەبەستن و داواش لە وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات، كار بكەن بۆ گەشەپێدانی ئەو دەروازە سنوریانە.
ئەمڕۆ 6ی شوبات، بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە بەرێوەبەری كاروباری ئێرانییەكانی دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران و وەفدێكی هاوڕێی.
لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوولا گفتوگۆیان كرد لەبارەی گەشەپێدانی پەویوەندییەكانی هەردوو لاو چارەسەركردنی هەندێك لە كێشەی هاووڵاتیانی ئێرانی لە هەرێمی كوردستان.
بەرێوەبەری كاروباری ئێرانییەكانی دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران وێرای تیشك خستەسەر رابردووی پەویوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ گەشەپەیوەندییەكانی هەردوو لا كرد لە ئێستادا و رایگەیاند جگەلە ئاڵوگۆڕێكی فراوانی بازرگانی  نزیكەی 100 هەزار هاووڵاتی ئێرانی لە هەرێمی كوردستاندا هەن یان هاتووچۆی هەرێمی دەكەن و هەرێمی كوردستان دەتوانێت سود لە تواناكانیان وەربگرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی هەرێمەكە.
لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی وێرای بەبیر هێنانەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، روونكردنەوەی دا لەسەر هەوڵە بەردەوامەكان بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا 
پارێزگار رایگەیاند رێكەوتنی لێكگەیشتن لەنێوان پارێزگا هاوسنورەكانمان لە ئێران واژۆ كراوە و بەو هۆیەشەوە دەروازە سنورییەكان گەشەی باشی كردووە 
پارێزگار راشیگەیاند دەروازە سنورییەكانی سلێمانی بەهۆی جێ‌ بەجێ‌ كردنی یاسا و باش رێكخستینان بوونەتە جێگەی متمانەی بازرگانانی ناوەراست و خواروی عیراق و لەو دەروازانەوە شمەكەكانیان ئاڵوگۆڕ دەكەن و داوای لە بەرێوەبەری كاروباری ئێرانییەكانی دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران كرد لەرێگەی وەزارەتەكەیانەوە هاوكاری پارێزگاكانی خۆیان بكەن بۆ ئەوەی سەرجەم خاڵەكانی رێكەوتننامەكان بچنە بواری جێ‌ بەجێ‌ كردنەوە و دەروازەكان باشتر گەشەبكەن.
پارێزگار لە بەشێكی تری قسەكانیدا رایگەیاند كارئاسانی زۆریان بۆ هاووڵاتیانی ئێرانی كردووەو هەر كێشەیەكش روو بدات لەرێگەی یاساوە چارەسەری دەكەن و دڵنیای دا لە سەربەخۆی و پیشەی بوونی دادگاكانی سلێمانی.