حكومەتی ئێران (550) ملیۆن دۆلارلە پارە بلۆك كراوەكانی وەردەگرێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایكردوە، حكومەتی ئێران لە ئاییندەیەكی نزیكدا (550) ملیۆن دۆلار وەردەگرێتەوە، لەو پارانەی كە لەلایەن ئەمریكاوە بلۆك كراون، هاوكات ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو بڕەی پارانەی ماوەتەوە بە چەند جارێكی دیكە دەدرێتەوە بە حكومەتی تاران.
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتوە” لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەو بڕە پارەیەی ئێران كە (4.2)ملیار دۆلارە و حكومەتی ئەمریكا بلۆكی كردوە، بەپێی رێكەوتنی (ژنێفی ئەتۆمی)، بڕی (550)ملیۆن دۆلار رادەستی تاران دەكاتەوە، هاوكات لەماوەی (180)رۆژی داهاتوو سەرجەم پارە بلۆك كراوەكانی ئێران لە ئەمریكا ئازاد دەكرێن”.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوە راشیگەیاندوە” پێدانی پارەكان بە پێنج جار دەبێت، بۆ هەر جارێك، (30) رۆژی پێدەچێت، دوا خولی رادەستكردنەوەی پارەكان، دوای شەش مانگی دیكەیە”.
كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ شەش دەوڵەتە زلهێزەكەی جیهان( ئەمریكا و روسیا و چین و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا)، لە (24)ی نۆڤەمبەر رێكەوتنێكیان واژۆكرد، لەسەر ئەوەی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەكانی رابگرێت بۆ شەش مانگ، هاوكات سەرجەم سزاكانی سەر ئێران لەلایەن وڵاتانەوە لاببرێت.