قەیسەری نەقیب…….كۆلێجی بازرگانی شار

عەتای حاجی ڕەجەب
دلاوەری سۆفی كەریم
 
قەیسەری نەقیب تەنها بازاڕێكی  ئاسایی نەبوو، هەر كە ناوی دەهێنرێت شێوازێكی جوانو ڕەسەنی شاری سلێمانی بیری خەڵكی ئەو شارە دەخاتەوە، ئەم قەیسەرییە  لە ساڵی (١٩٠٠) دا لەلایەن بنەماڵەی نەقیبەوە دروست كرا‌و هەر بەناوی ئەوانیشەوە ناونرا.
قەیسەری نەقیب كە جێ‌ پەنجەی وەستا كارامە‌و شارەزاكانی كوردستانی ڕۆژهەڵاتی پێوە دیارە، بەوپەڕی دەستڕەنگییەوە هەموو هونەرێكی تەلارسازی‌و ئەندازیاری ئەو رۆژگار‌و سەردەمەیان تێدا بەكارهێناوە،  
ئەم بازارە لەسەر پایەی خشتی سوور دروستكراوەو بنمیچی بازاڕەكەشی بەتاقی خشتی سوور چنراوە، لەم بازاڕە داخراوەدا بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش كڵاورۆژنەی تێدا بەكارهاتووە بۆ ئاڵوگۆری هەواو تیشكی خۆرەتاوو روناكی. 
ئەم بازاڕە سەرەتا پێنچ دەرگای تێدابووە لەم  دواییانەشدا دەرگایەكی تری خراوەتە سەر
پێكهاتەی ئەم بازاڕە لەكۆنەوە تا ئێستاش هەر جیاواز بووە، سەرەتا كوتاڵفرۆشی‌و بەرگدروو عەتارو شەكروچا فرۆشی و بابەتی خشڵا‌و تەزبیح فرۆشتن بەتێكرا لەدوكانەكانی ئەم بازارە روبەر بچوكەدا كۆكرابونەوە، 
كەسانێك كە ساڵانی زوو لە و بازاڕەدا ژیاون تەمەنێكیان تیا بەسەر بردوە ئاوا باسی ئەكەن، ئەم قەیسەریە دوای قەیسەری وەسمان پاشا دروست كراوە بەڵام بەحوكمی قەدەر لەدەست جەوری زەمانە ڕزگاری بوەو بەدەردی ئەو نەچوە هەچەندە زۆری نەهامەتیو كارەسات بینیوە وەك لافاو و سوتاندنیش
 تا پێش ساڵەكانی پەنجاكان ژمارەیەكی بەر چاو جولەكەی تیادابوە بەڵام دوای دروست بونی ئیسرائیل ئەوانیش بەرەو ئاواتی دێرینەی خۆیان رۆشتن قەیسەریەكەو گشت وڵاتیان جێ هێشت 
لەوانە شاقی، نەسیم، داودە جو،عەبدە، شەلەمۆ عەزیز، ئەلیاوە جو،ڕەشەو غەریب دوبرابون، پاش جولەكەكان، كورد واتەنی نەوەیەك ڕۆشتوە نەوەیەك هاتوە ئیتر هەربەو جۆرە تا ئێستا قەیسەریەكە هەر لەجێی خۆیەتی، كاسبكارەكان هەر نەوەیەو كۆمەڵێ یادگارو كۆمەڵێ نەریت جێدێڵن بۆ نەوەی دوای خۆیان .بەڵام ئەوەی پێویست ئەكا بوترێ ئەوەیە ئەم قەیسەریە بوبو بە كۆڵێجێك بۆ پێگەیاندنێكی دروستی بازرگانانو كاسب كارانی شار 
لە دوای ساڵەكانی پەنجاكانەوە كۆمەڵی بازرگانو كاسب كاری تیابوە كە هەمویان خەڵكی دیاری شارو كەسانێكی دەمو دەسپاكو چاو لە ڕسقی حەڵاڵو بە قەناعەت بون ئێمەش ئاواتە خوازین نەوەكانی تریش ڕێگەی پێش خۆیان وننەكەن، 
لەو بازرگانو كاسبانەی ئەو زەمانە، حلمی علی شریف،تۆفێق قەزاز، میرزادەروێش، حسەینی برای، حاجی قادری جەبار وكوڕەكانی كە خاوەنی براندی (چای كوردستان ) بوو، ڕەوفی شامحمد و حاجی ئەحمەد و حاجی عەلی برای، نوری عەزیز ماوەتی حەمەڕەشیدی برای،حاجی ئەوڕەحمانە خڕەی خەیات و عومەری كوڕی،ئەحمەد حسێن، شێخ جەلالی باراوی،جمالی حەمە نەجم،عەلی سەعید و مەحمودی برای،حاجی شەرعی  وعەباس و جەمالی كوڕی، برایمی سۆفی كەریم و مستەفاو كەمال وجەمالی برای، كەمال بوو بە شەریكی عەباس مەحمودی خەیات كە بە عەباسەكەڕ ناسرابوو كاتێ عەباسیش كۆچی دوایی كرد خالیدی كوڕی چوە جێگەی، عەلی سۆفی كەریم  وەكیلی كارگەی ترێكۆ ڕافدەین بوو،، جلال فتاح  وعوسمانی برای،حاجی قادر مۆریاسی و عوسمانو عومەری برای، شێخ عەلی ناسراو بە شیخئەلیە كوێرە، علی عارف وئەوڕەحمانی برای ، مەلا كەریم، مەلا ئەوڕەحمانە سورە،تۆفیق ‌هەورامی، مەلا ئەحمەد فەرەج ،ئەم پیاوە ئیجازەی مەلایەتی هەبوو بەڵام بە كاسبی خۆی ئەژیان كوردێكی پاك بوو زۆر هاوكاری جوڵانەوەی ڕزگاری خوازی بوو تەنانەت لە ساڵی ١٩٧٤ دا حەمە ساڵح فەرەجی برازی لەسەر كوردایەتی لە سێدارە درا،كە ئەم دەرسی كوردایەتی دادابوو، حاجی برایم عەتار ، حەمەی عەبە گۆڕێ، مەلای ڕیش،  حاج صاڵح قەندیل كاك ئەوڕەحمان محەمەد ڕەسوڵ كە لە ژیاندا ماوە هیوای تەمەندرێژی بۆ ئەخوازین، مەلا حەسەنی تەزبیح فرۆش، مەلاقادری كڵاو فرۆش، عوسمانی حاجی محێدین، عوسمانی وەستا مەحمود،غەریب ڕەشید و جەلالی برای، حەمەفەرجی كاكەزاڵ، مەحموی بەردەرگاكە، مامە خولەی خەیات، ڕەشەی سەلیم بەگ برای خوالێخۆشبوو كەمال سەلیم،ئەنوەر مامی،واحید ئەحەی مەلا،شێخ قادری قەیسەریەكە،عباس ئەحمەد و هەواس و هەیاسی برای  ،غەفوری حاجی مستەفا،حاجی ڕەفیق و حاجی تۆفیق برابون،حاجی ڕەوف هەورامی ،مەلا حەمەمینی خەیات، ئەگەرچەند ناوێكمان بیر چوبێ داوای لێبوردن ئەكەین،  كاك ڕەوفی شامحەمەد دوو بەسەرهاتی قەیسەریەكەی  گێڕایەوە،  یەكەمیان لە ١٧/١٠/١٩٥٧ لافاوێكی گەورە لە سلێمانی هەڵساو قەیسەریەكە توشی زەرەر هات وەصی لە بەغداوە هات و یەكێك لەو شوێنانەی سەردانی كرد ئەوێ بوو  وتی ئەوەی لە یادمە تەنها یەك پۆلیسی لەگەڵ بوو بۆ حیمایە، هەروا گێڕایەوە، لە ساڵی ١٩٦٣ دا دوای مەنعە تەجەولەكە  هێزەكانی ئەو زەمانەی ڕژێم هاتنە سەر حاجی قادری جبار لەسەر ئەوەی چایەكی هەبوو بە براندی كوردستان زۆریان ئەزیەت دا ئەویش هەموو دۆكۆمێنتێكی هەبوو، تا پاش ماوەیەك ئیتر ئەو براندە سەری كرا بە گۆما، هەروەها لە ١٠/١٠ ١٩٨٨ جارێك سوتا وە ئەوی شایانی باسە ئەو كاسەیە ژێر كاسەكەی فاشستەكانی بەعس بوە.
ئەم قەیسەریە گەلی یادەوەری تاڵو شیرینی لایە،هەندێكی كەمی لێ ئەگێڕنەوە لەوانە:
 هەندی جار كەریمی قەرەنی كە ئەو زەمانە موتەسەریف بوو بەناو قیسەریكە ئەگەڕا لە نرخی ئەپرسیەوە تەنانەت بۆ جارێ كەسی سزا نەداوە لەبەر ئەوەی سەرپێچی تیا نەكراوە، بۆیە ئێمەش ئەمڕۆ پێان ئەڵێن  بەر ڕەحمەتی شار كەون .
مەلا ئەوڕەحمانە سورە خەیات بوو پیاویكی جوانو پاكو خاوێن و شیك پۆش بوو كاتی خۆی حەز لە كچێكی ناوداری شار  ئەكات و بە نسیب نابێت، ئیتر تا كۆتایی تەمەنی ژیانی هاوسەری پێكەوە نەناو هەر بەو عەشقەوە ژیا، 
ئەبێت كە ناوی قەیسەریەكە دێت وا بەستە بكرێ بە ناوی (شێرۆوە ) شیرۆ ئەتوانرێ بە فریشتەی ئەو بازاڕە ناو زەد بكرێت، ئەم پیاوە بە بنەچە ئازەری بوو. پێاوێ، نەفس بەرز، دەست پاك،دڵسۆز، هەموو تەمەنی لە وبازاڕەدا بە سەر بردبوو حەرەسی شەوانەڕۆژی بازاڕەكەبو، پاش مردنی پیاوێك چوە جێگەكەی هیچی لەو كەمتر نەبوو ناوی شێخ مستەفا بوو بە شێخەی حەماڵ بانگیان  ئەكرد،هەروەها كەسێكی تر ئەویش بەشێكە لەیادەوەریەكانی  ئەویش( مام ئیشەڵا )ی حەماڵ بوو  كە بە هەق ئەویش شایستەی ئەوەیە ناوی (پەپولە)ی ئەو بازاڕەی پێ ببڕی .هەمیشە لەو بازاڕەدا بوو ئیشی بۆ دوكاندارەكان ئەكرد و ئەوانیش زۆریان خۆش ئەویست، نوری عەزیز ماوەتی یەكێك بوو لە نوكتە بازەكانی گوزەرەكەی خۆی،  شێخ ئەلی دراوسێی بوو، كاك نوری بەدەنگێكی بەرز باوێشكی ئەدا، ئیتر شێخ ئەلیش توڕە ئەبوو ئەیوت  من بە باوێشكەكەی نوری خەوم لێئەكەوێ، ئەوەی لەوە سەیر تر بوو ئەو كاك نوریە لەگەڵ خێزانەكەی خۆیدا بەجۆرێ عاشقی یەك بوبون هەندێ لە هاوڕێكانی نوری ناویان لە نوری نابو وەك(فەرهاد، مەجنون، قەیس) هەندێ جار خێزانەكەی لەچێشتەنگاوا سەرێكی لە نوری ئەداو هەندێجارێش نوری لەگەرمەی بازاڕا دوكانی جێ ئەهێشتو ئەڕۆشتەوە سەڕێكی لە ماڵ ئەدا بۆ لای مەعشوقەكەی و ئەگەڕایەوە . 
دوای مردنی جەمالی حەمە نەجم كابرایەك هات جێگەكەی پێیان ئەوت ئەحە بەراز زۆر پیاوێكی بێ دەنگ و باش بوو ئەو ناوەی بۆیە لێنرا بوو كاتی خۆی لە بناری گۆیژە بەرد هەڵكەن بوە ئەمندە پیاوێكی بە هێزو زەحمەت كێش بوە  عەرەبانەیەكی دروستكردوە لە كانە بەردی شێركوژەوە بە دەستی خۆی بەردی پێهێناوەتە خوارەوە هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی.
دوبرای تر هەبون قادر عەبدولڕەحمان و كەریمی برای  لەساڵی ١٩٦٣مەنعەتەجەولی بەعسیەكاندا دوو برایان لە ناو ماڵەكەی خۆیانا شەهید كردن دایكان لەناو چیمەنی ماڵەكەی خۆیاندا شاردنیەوە 
حاجی ئەحمەدی قالە قەساب پیاوێكی كورد پەروەر بوو دوكانی لەبەر دەرگای لای مەیانەكە بوو لە ساڵی ١٩٧٤ ڕژێمی عێراق لەسەر كوردایەتی لە سێدارەی دا بەهەشت جێگای بێت .
یەكێكی تر لە نوكتە چیەكانی بازڕەكە كەمالی حاجی سەدیق بوو كەهەر بەرامبەر باوكی دوكانی هەبوو هەمەوو دوكاندارەكان خۆشێان ئەویست.
غەفوری حاجی مستەفا بازرگانی فەرشو یاری مناڵ بوو زۆر جار لە ئێرانەوە فەرشیان بۆ ئەهێنا و لێرەوە یاری مناڵیان ئەبردەوە هەتا جارێ هونەرمەندی ناودار حەمەی ماملێ دێتە سڵێمانی و لە ماڵی ئەوان مێوان ئەبێت خوالێخۆشبوو حەمەساڵح دیلان و چەند هاوڕێیەكی كاك غەفوری خواڵێخۆش بوو ئاهەنگێكی خۆش ئەگێڕن، ئەو ئاهەنگە لە شارا دەنگی دایەوە
چایخانەیەكی تیابوو كە چای ئەبرد بۆ هەموو دوكانەكان،خاوەنەكەی سەی عەلی سەرگەڵویان پیئەوت شاگردەكانیشی جلال و بەكر بون . قاوە چیەكیشی تیا بو قاوەی ئەبرد بۆ دوكانەكان هەر بە سەیدی قاوەچی بانگیان ئەكرد .
ئەم بازاڕە كڕینو فرۆشتنێكی فراوانو ئاڵو گۆڕێكی باشی تیائەكرا شتومەكو كاڵایان لە بەغداو موسڵەوە ئەهێنا، هەندێ جاریش لە ئێرانەوە، ئەم پەیوەندیەو سەرڕاستی بازرگانەكانی وای كردبوو ببنە جێگەی متمانەی بازرگانەكانی موسڵو بەغداو ئێرانێش، هەر بۆێەش هەمێشە شمەكو كاڵایان بۆ ئەناردن بە قەرزو پەیوەندیەكی بازرگانی باش بە ڕێكەوتبوو هەر بەوجۆرە كاسبكارانی وەك هەڵبجەو ڕانیەو قەڵادزە شارۆچكەكانی تر لەم بازاڕە شمەكەكانیان بكڕن، وە ئەو سەردەمە چەرچیو دەستگێڕ هەبون هەمو لەگەڵ ئەم بازاڕە مامەڵەیان ئەكرد . جگە لە بابەتو پێداویستی خەیاتی و بابەتی ژنان وەك متومورو پولەكەو زەنگیانەو گەلێ شتی تر زۆرێك لە ژنانی شاریش بۆ پێداویستیەكانی خۆیان چەند دوكاندارێكیان ئەكردە ئاشنای خۆیان ، هەندێكیان بە قەرزێش مامەڵەیان ئەكرد .
ئەم قەیسەریە ببوە كۆلێجێك بۆئەو كەسانەی كاریان تیا ئەكرد هەربۆیەش ئەتوانین بڵێین زۆربەی زۆری ئەهلی ئەم بازاڕە سەركەوتو بون وە پەرەیانداوە بە بازرگانیو كارەكانیان  بونەتە خاوەن كارگەی  گەورە و كاری گەورەتر، لەوانە 
غەریب ڕەشید و جەلالی برای كە كارگەی بسكیتی هێرۆ یان داناو كارگەیەكی باشو سەركەوتو بو، برایم سۆفی كەریم و مستەفای برای  یەكەم كارگەی كیسی نایلۆنیان هێنا و پاشن فراونیان كرد سۆندەی پلاستیكیشیان بۆ زیاد كرد، ئەوڕەحمانی عارف كارگەی بۆری كۆنكریت و بلۆكی دانا،  كەمالی سۆفی كەریم كارگەی كەلوپەلی ناوماڵ و كورسی نایلۆن، خالیدی عەباس و عەلی سەعید و هەیاس ئەحمەد كارگەی خاولیان داناو حاجی ئەحمەد حسێن كارگەی نوقڵ و چكلێت، وە چەندانی تریش كە بونەتە بازرگانی گەورە تەنانەت بەهۆی فراوان بونی ئیشو كاریانەوە بەرەو بەغدا ڕۆشتون لەوێش بونەتە بازرگانی سەركەوتو دیار . 
خۆزگەی ئێمەش ئەوەیە ئەم بازاڕە پارێزراو بێت و گرنگی بدرێت بە شێوە كلتوریە كەی لە فەوتان بپارێزڕێت، ڕێگەش  نەدرێت بێ بارنامە دەست كاری  بكرێت وە بخرایەتە ژێر چاودێری وازارەتی ڕۆشنبیریەوە وەك ئاسار حسابی بۆ بكرایە  لەگەڵ هیوای سەركەوتن بۆنەوەی نوێی ئەم بازاڕە دێرێنەمان .