هلمۆت شیمس بەراورد لەنێوان یەكێتی ئەوروپا‌و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكات

هلمۆت شمیس، سیاسەتمەدارێكی ناسراوی ئەڵمانیا‌و ئەوروپایە لەنیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، ئەو لە1967دا بووە سەرۆكی فراكسیۆنی سۆشیال دیموكراتەكانی ئەڵمانیا‌و پاشان لەدەوڵەتی گریلی برانت”دا بووە وەزیری بەرگری‌و پاشان ئابوری ئەو وڵاتەو لەساڵانی نێوان 1974 تا 1982شدا راوێژكاری ئەڵمانیا بووە. ئەو لەكتێبی “ستراتیژی مەزن”دا بەشێوەیەكی سەرانجڕاكێش بەراوردێك لەنێوان یەكێتی ئەوروپا‌و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا دەكات، گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی لەم راپۆرتە ئاماژە بەگرنگترین خاڵەكانی ئەو بەراوردگارییە دەدات.
شمیس باس لەوە دەكات كە ئەمەریكا لەكۆتایی جەنگی دووەمی جیهاندا كە ئەوروپا وێرانە بوو، ئەو 50%ی كۆی پیشەسازی جیهانی بەرهەمدەهێنا، هەڵسانەوەی ئەوروپا‌و دەرباز بوونی لەئاسەوارەكانی ئەو جەنگەن بەبێ‌ پڕۆژەی “مارشال”‌و كۆمەكی ئەمەریكا زۆر ئەستەم بوو، ئەوە ئەمەریكا كە دەستی یارمەتی بۆ ولاتانی ئەوروپای رۆژئاوا درێژ كردو زەمینەی سەرلەنوێ‌ بنیاتنانەوەی بۆ رەخساندن. ئەمە جگە لەوەی كە ئەوە ئەمەریكا بوو لەكۆتایی جەنگی دووەم‌و بەدرێژایی جەنگی سارد لەڕووی سەربازییەوە ئەوروپای رۆژئاوای لەدەستدرێژی رووسەكان پاراست. 
شمیس كە خۆی سەردەمانێك وەزیری بەرگری‌و پاشان ئابوری ئەڵمانیا بووە، باس لەوە دەكات كە لەڕووی داهاتی گشتیەوە‌و قەبارەی دارایی‌و بودجەی تەرخانكراو بۆ كاروباری سەربازی، ئەمەریكاو یەكێتی ئەوروپا قابیلی بەراوردكردن نین.
شمیس دەڵێت “ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەتەنها كیشوەرێكە بۆ خۆی، كە روبەرەكەی 9 ملیۆن‌و 826 هەزارو 675 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، بەڵام یەكێتی ئەوروپا روبەرەكەی 3 ملیۆن‌و 975 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیە”.
دەشڵێت “لەكاتێكدا كە میللەتانی ئەوروپا مێژووییەكی پڕ لەشەڕو كوشتار‌و دوژمنایەتی لەدوای خۆیانەوە بەجێدەهێڵن، ئەمەریكا بە بەراورد بەوڵاتان‌و گەلانی ئەوروپا، مێژووییەكی كورتی هەیە‌و بەدرێژایی مێژووی خۆی هەرگیز سوپای بێگانە پێی تێنەخستووە، بەپێچەوانەی ئەڵمانیاو فەرەنسا‌و زۆرێك لەوڵاتانی دیكەی ئەوروپاشەوە، ئەمەریكییەكان هەرگیز تامی شكستی سەخت‌و كارەساتباریان نەچەشتووە”.
شمیس ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمەریكیەكان تۆكمەترین‌و زیندووترین میللەتی جیهانن‌و دەڵێت “ئەمەریكا وەك یەك خێزانی گەورە وایەو ئەمەریكییەكانیش بەپێی پەروەردە‌و فێركردنیان هەمیشە گەشبین‌و پڕ هیوان كە ئەمە حاڵەتێكە كەمتر لەئەوروپادا بەدیدەكرێت”.
ئەو جەغت لەوەش دەكاتەوە لەكاتێكدا كە وەزیرانی درایی‌و بەڕێوەبەرانی بانكە ناوەندییەكانی وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا وەك گروپێكی هەماهەنگ سیاسەتێكی رونی دراویان نییە‌و بەشێكی زۆری پیشەسازیە قورسەكانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاش پێویستیان بەسەرلەنوێ‌ دەستكاری‌و نوێكردنەوەیە‌و لەهەناردەكردنیشدا تەنها ئەڵمانیا گرنگییەكی جیهانی گەورەی هەیە، ئەمەریكا بەپێچەوانەوە سیاسەتێكی روونی دارایی‌و بەرگری‌و دەرەكی هەیەو زۆربەی رێكخراوە گرنگە سیاسی‌و ئابورییەكانی جیهان ئەمەریكایان كردووە بەبارەگای خۆیان‌و ساڵەهای ساڵەی دۆلار نەك تاكە دراوی ئەو وڵاتەیە، بەڵكو دراوێكی هەرە گرنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانیشە لەئاستی دنیادا،  ئەمە جگە لەوەی ئەمەریكا لەڕووی پیشەسازی قورس‌و داهێنانی تەكنیك‌و تەكنەلۆژیاوە لەئاستی جیهاندا پێشەنگە”.
هیلمۆت ئەشمیس ئەوەش روندەكاتەوە كە ئاستەنگێكی دیكەی بەردەم یەكگرتنی ئەوروپا جگە لەجیاوازی سیاسەت‌و ئابوری‌و مێژووی رابردوویان، جیاوازی زمان‌و كلتوریشیانە، ئەو باس لەوە دەكات كە وێڕای ئەوەی یەكێتی ئەوروپا 24 زمانی رەسمی هەیە‌و سەرتاسەری ئەمەریكا بەیەك زمان دەپەیڤن كە ئەویش ئینگلیزییەو ئەمڕۆ زمانێكی جیهانییە، ئەو دەڵێت “من كە راوێژكاری ئەڵمانیا بووم بەوە دەناسرام دۆستی فەرەنسام، بەڵام كە لەگەڵا فەرەنسیەكان دادەنیشتم‌و سەری قسەمان دادەمەزراند بۆ ئەوەی لەیەكتر بگەین، بەئینگلیزی دەدواین”.