حاجی ئۆمەران .. 92 تۆن پەتاتەی ڤایرۆساوی دەستی بەسەرداگیرا

بەهۆی جۆرێك لە نەخۆشی و نەشیاوی بۆ بە كار هێنان نەوەت و دوو تۆن پەتاتە كە لەوڵاتی ئەرمینیاوە گەیشتبووە دەروازەی نێو دەوڵەتی حاجی ئۆمەران و دەویسترا هەناردەی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت دەستی بە سەر داگیرا. 
 
 
سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی حاجی ئۆمەران مەسعود باتێلی بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاندوە:  لە كاتی ئەنجام دانی پشكنین لە لایەن بنكەی كەرەنتینەی كشتوكاڵی حاجی ئۆمەران بۆ سێ‌ كامیۆنی بارهەڵگری پەتاتە كە بە شێوەی ترانزێد لە وڵاتی ئەرمینیاوە گەیشتبوونە دەروازەی سنوور، دەركەوت كە سەرجەمی ئەو پەتاتانە كە برەكەی 92 تۆن بوو توشی نەخۆشی (كۆلۆرادۆ) بووەو نەك بۆ بەكار هێنان بەڵكو نەخۆشی روەكیش لە نێو خۆی وڵات بڵاو دەكەنەوە و بۆیە سەرجەمی پەتاتەكان، گەرێندرایەوە وڵاتی سەرچاوە.
 
لە پێناو بوونی خۆراكی تەندروست و شیاو بۆ بەكار هێنان، لە رێگەی چەندین بنكەی تایبەتەوە ئێستا لە سنوورەكان پشكنینی جۆراو جۆر بۆ ماددە هاوردە بوەكان دەكرێت، بەڵام تاكو ئێستا كۆنترۆڵی بنبر كردنی كاڵاو كەل و پەلە نەشیاوەكان بۆ بەكار هێنان لە بازارەكان نەكراوە.