پارێزگاری سلێمانی : هەنگاو دەنێن بۆ دامەزراندنی ئەكادیمیای فرۆكەوانی

پارێزگاری سلێمانی رادەگەیەنێت، هەنگاونان بۆ دامەزراندنی ئەكادیمیای فرۆكەوانی لەسلێمانی دەستی پێكردووەو چەندین كۆمپانیاش بۆ ئەو مەبەستە ئامادەییان نیشانداوە،پارێزگاری سلێمانی ،تەئكیدش دەكاتەوە فرۆكەخانەی كشوكاڵی عەرەبەت پەرەپێدەدەن و دەیكەن بە فرۆكەخانەیەكی كشوكاڵی و خزمەتگوزاری و ناوەندێك بۆ پێگەیاندنی كادری بواری فرۆكەوانی.
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی، بەیاوەری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەرێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی و بەرێوەبەری  كشتوكاڵی سلێمانی و بەرێوەبەری ناحیەی عەربەت، فرۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەتی بەسەركردەوە لەگەڵ ستافی فرۆكەخانەكە كۆبووە و لە كارەكانی فرۆكەخانەكەو كێشەو گرفتەكانی پرسیەوە.
پارێزگار لەبەسەركردنەوەكەیدا تەئكیدی لە گرنگی فرۆكەخانەكردەوەو  بەو پێییەی تەنیا فرۆكەخانەی مۆڵەت پێداروە لەهەرێمدا بۆ فرۆكەی بچوك و خزمەتگوزاری و وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانمانە بۆ ئەوەی كێشەكانی فرۆكەخانەكە چارەسەر بكەین بە تایبەت لە رووی یاساییەوە.
پارێزگار وتیشی: بەهۆی گەشەكردنی وڵاتەكەمانەوە پێویستی زۆرمان بە فرۆكەی خزمەتگوزاری هەیە بە تایبەت لە بواری بەرگری شارستانی و هاتووچۆ و تەندروستیدا، بۆ ئەمەش پێویستمان بەكادری زیاتری ئەو بوارە دەبێت ، بۆیە لە ئێستادا هەنگاو دەنێن بۆ دامەزراندنی ئەكادیمیای فرۆكەوانی لەسلێمانی بۆ پێگەیاندنی كادر لە سەرجەم بوارەكانی فرۆكەوانیدا و بۆ  ئەو مەبەستەش چەندین كۆمپانیا هاتوونەتەپێش.
پارێزگار راشیگەیاند فرۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت رۆڵێكی گرنگی دەبێت لە راهێنانی كادری بواری فرۆكەوانیداو  ، فرۆكەخانەكە پەرەپێدەدەین بۆ ئەوەی ببێتە فرۆكەخانەیەكی كشوكاڵی و خزمەتگوزاری و ناوەندێك بۆ پێگەیاندنی كادری بواری فرۆكەوانی 
پارێزگار  وتیشی:  لە بەرنامەدایە 15 فرۆكەی بچوك بۆ بەرگری شارستانی و هاتوچۆۆ و تەندروستی دابین بكرێت و بەمەش رۆڵی فرۆكەخانەكە لەمەدوا زیاتر دەبێت.