شارەزوور.. بەهۆی پیسكردنی ژینگەی ناوچەكەوە كارگه‌یه‌كی قیر داخرا

به‌هۆی‌ پیسبوونی‌ ژینگه‌ی‌ گونده‌كه‌یان، هاوڵاتیانی‌ گوندی (قه‌ره‌گۆل) له‌قه‌زای شاره‌زوور، سكاڵا له‌سه‌ر خاوه‌نی‌ كارگه‌كه‌ تۆمارده‌كه‌ن، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ژینگه‌ له‌قائیمقامیه‌تی قه‌زای سلێمانیش ئاماژه‌ به‌وه‌كرد، له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ته‌وه‌، بڕیاری‌ داخستنی كارگه‌كه‌ درا.
(موسته‌فا جومعه‌) سه‌رۆكی لیژنه‌ی ژینگه‌ له‌قائیمقامیه‌تی قه‌زای سلێمانی به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی قه‌زای سلێمانییه‌وه‌، بڕیارماندا به‌داخستنی كارگه‌ی قیری قه‌ره‌گۆل له‌قه‌زای شاره‌زوور بۆ ماوه‌یه‌ك .
وتیشی:”هۆكاریی داخستنی ئه‌و كارگه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ چه‌ندینجار ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌رجی ژینگه‌یی تێدا نییه‌، له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی گوندی (قه‌ره‌گۆل) سكاڵا له‌دژی ئه‌و كارگه‌یه‌ تۆماركراوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كردووه‌، كه‌ كارگه‌یه‌كی‌ له‌و شێوه‌یه‌ بووه‌ته‌ هۆكاریی پیسبونی ژینگه‌ی گونده‌كه‌یان”.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ژینگه‌ی قائیمقامیه‌تی قه‌زای سلێمانی ئاماژه‌ به‌وه‌شكرد، ئه‌و كارگه‌یه‌ داده‌خرێت تاكو هه‌موو مه‌رجه‌كانی ژینگه‌ جێبه‌جێده‌كات‌و ژینگه‌ی گونده‌كه‌ش پاكڕاده‌گرێت.