ئابووریناسان : لێدانی سو‌وریا نرخی نەوت بەرزدەكاتەوە

بەرپرسانی ئیدارەی باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دانووستانەكانیان لەگەڵ پسپۆڕانی وزە دەستپێكردووەو تاو‌وتوێی رەوشی بازاڕی نەوتیان كردووە.
ئەمەش هاوكاتە بە تاو‌وتوێكردنی پرسی گورز وەشاندنێكی سەربازی دژی رژێمی سو‌وریا.
سەرچاوە ئاگادارەكانی واشنتۆن باسیان لەوە كردووە، كە هیچ هێمایەكی پێچەوانە دەرنەخراوە بەوەی یەدەگی فریاگوزاری دەستكاری بكرێن تا ئەو كاتەی رەوشی بازاڕ ئارام دەبێتەوە.
بەهۆی ترسی وەشاندنی گورزێكی سەربازی دژی رژێمی سووریا، بازاڕەكانی جیهان، تووشی ناسەقامگیرییەكی بێوێنە بوونەو بەهای نەوتی خاویش گەیشتە 150 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.
هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا بەهۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بووە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە بۆ سەر ناوچەی خوتەی ریفی دیمەشق.
گرنگترین پرسی پسپۆڕانی ئابووری لەبارەی كات‌و ماوەی ئەو گورزەیە كە چەند دەخایەنێت و تێچووی گشتیشی چەند دەبن.
جەختیان لەوەشكردووەتەوە، تاوەكو چەند ئۆباما دەتوانێت دەست بۆ یەدەگە ستراتیژییەكان ببات، بەهەمان شێوەی 2011 كاتێك هاوردەی نەوت بەهۆی ناڕەزاییەتیەكانی وڵاتانی عەرەبی وەستان.
ئەوەشیان روونكردۆتەوە كە تاووتوێكردنی پرسی بازاڕ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا لەبارەی بازاڕی نەوت گەیشتنە ئەو ئەنجامەی بەكارهێنانی یەدەگی ستراتیژیی لەبەرنامە ناهێڵرێت.
هۆكارەكەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە ” ئەگەر ئەنجامی پێچەوانەی لێ دروست نەبێت ئەو پرۆسەیە روو نادات”.
پێشبینی ئەوەش دەكرێت ” گورزەكە زۆر بەخێرایی ئەنجامبدرێت‌و هاوكات بێت بە بەرزبوونەوەی نەوت بۆ 125 تا 130 دۆلار”.
لەلایەن خۆیشیەوە بانكی سۆسیتیە جەنەراڵ گوتی “نرخی بەرمیلێك نەوت دەگاتە 150 دۆلار ئەگەر لێدانەكەی ئەمریكا كاردانەوەی پێچەوانەی بەدوای خۆیەوە هێنا”.
بازاڕی وزەی جیهانی تووشی دڵەڕاوكێیەك بووە بەتایبەت دوای گرتنی هەناردەی نەوتی لیبیا بەهۆی ناكۆكی‌و قەیرانە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە كاریگەری كردووەتە سەر بازاڕی جیهانی.
لە نێوخۆی ئەمریكا پرۆسەی گەڕان بەدوای نەوت گەشەسەندنێكی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت‌و لەدوای 1997 گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی خۆی‌و بەرهەمهێنانی ئەو نەوتەشی لەبەرزترین پلەدایە .