دوایین بەرمیلی نەوتی دنیا لە هەرێمی كوردستان دەردەهێنرێ

د. بێوار خنسی، پسپۆڕی بواری نەوت گوتی “دوایین بەرمیلی نەوتی دنیا لە هەرێمی كوردستان دەردەهێنرێ” و پێشنیازێكیشی خستە بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان كە “10 ملیار بەرمیل لە نەوتی یەدەگی كوردستان دەستی لێنەدرێ و بۆ نەوەكانی داهاتوو هەڵبگیرێ”. هەروەها داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بە بەرنامە و پلان مامەڵە لەگەڵ نەوت بكات.
هەرێمی كوردستان لەڕووی سەرچاوەی سروشتییەوە دەوڵەمەندە و بەپێی دەستووری عێراقیش مافی ئەوەی هەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو سەرچاوانە بكات كە لەنوێ دەدۆزرێنەوە. لەو چوارچێوەیەشدا تائێستا گرێبەستی نەوتی لەگەڵ زیاتر لە 50 كۆمپانیای بیانی واژوو كردووە بۆ دەرهێنانی نەوت.
وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان وا رادەگەیێنێ كە تا ساڵی 2015 توانای بەرهەمهێنانی نەوت دەگەیەنێتە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت و لە 2019 شدا زیادی دەكات بۆ دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
بێوار خنسی، پسپۆڕی بواری نەوت بە (رووداو)ی راگەیاندوە “ئێستا یەدەگی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 45 ملیار بەرمیلەوە بۆ 55 ملیار بەرزبووتەوە كە دەكاتە 40%ی نەوتی هەموو عێراق”.
بێوار خنسی پێشنیاز دەكات هەرێمی كوردستان هەموو نەوتی خۆی نەفرۆشێ و “10 ملیار بەرمیل بۆ نەوەكانی داهاتووش بە جێبێڵێ، چونكە لە داهاتوودا سەرچاوەی نەوت لە دنیادا زۆر كەم دەبێتەوە”. بێوار خنسی گوتیشی “لە دەستووری عێراق و پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستاندا باس لەوە كراوە كە دەبێ نەوت بۆ نەوەی ئێستا و داهاتووش بێت، بۆیە دەبێ بەشی نەوەی داهاتووش بەجێبێڵین”.
سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی كوردستان كە ئێستا نرخی هەر بەرمیلێك لە بازاڕی جیهانی بە 100 دۆلاری ئەمریكییە. بێوار خنسی دەڵێ “ئەگەر هەرێمی كوردستان رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێ، ئەوا داهاتەكەی لە ساڵێكدا دەكاتە 18 ملیار دۆلار و نەوتی كوردستان ئەوكات بەشی 246 ساڵ دەكات، ئەمە جگە لەو 10 ملیار بەرمیلەی كە دەبێ بۆ نەوەی داهاتووی بەجێبێڵین”.
ئەو پسپۆڕەی بواری نەوت ئەوەشیگوت ئەگەر فرۆشتنی نەوت بكەین بە یەك ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی بۆ داناوە كە لە ساڵی 2015دا بیگەیەنێتە ئەو ئاستە، ئەوا داهاتی كوردستان ساڵانە 36 ملیار دۆلار دەبێ و ئەوكات نەوتی كوردستان بەشی 124 ساڵ دەكات.
ناوەندی وزەی جیهانی لە راپۆرتێكدا لەبارەی یەدەگی نەوتی جیهان هۆشداری دەدات كە ئەو یەدەگەی هەیە تاوەكو 40 ساڵی دیكە كۆتایی دێت.
ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی یەدەگی نەوتی هەرێمی كوردستان دەڵێ “تاوەكو ئێستا یەدەگی نەوتی كوردستان لەسەر ئاستی دنیا هەژمار نەكراوە، چونكە كاتێك باسی یەدەگی نەوت دەكرێ، تەنیا باس لە یەدەگی نەوتی عێراق دەكرێ و عێراقیش دان بە داتاكانی هەرێمی كوردستاندا نانێت”.
پێشتریش حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە كە دژی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستانە بە (رووداو)ی گوتبوو “ئێمە دان بە داتاكانی هەرێمی كوردستاندا نانێین، چونكە وەزارەتی نەوتی عێراق خۆی سەرپەرشتی رووپێوی نەوتی هەرێمی كوردستانی نەكردووە”. بەڵام بێوار خنسی دەڵێت پێویستە حكومەتی عێراق خۆشحاڵ بێت بەو هەنگاوەی هەرێمی كوردستان “چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی حكومەتی فیدراڵیدایە، بەپێی دەستووریش ئەگەر یەك بەرمیل نەوتی عێراق لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان یان عێراق بفرۆشرێت داهاتەكەی بۆ سەرجەم خەڵكە”.
ئێستا رۆژانە 86 ملیۆن بەرمیل نەوت لە جیهاندا دەسووتێندرێ، ئەو پێویستییە هەتا ساڵی 2020 دەگاتە 110-120 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا. لەو بارەیەوە بێوار خنسی گوتی كە شارەزایانی بواری نەوت دەڵێن دوایین بەرمیلی نەوت لە دنیادا لە عێراق دەردەهێنرێ و لە عێراقیش لە هەرێمی كوردستان دەبێ، بۆیە پێیوایە “دەبێ بە پلان و بەرنامە نەوتی هەرێمی كوردستان بەرهەم بهێنرێ و بیر لە نەوەكانی داهاتووش بكرێتەوە”.